Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: دەستوری سوریا و چارەسەری قەیرانەکان


وێنەی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی داڕشتنەوەی دەستوری سوریا
وێنەی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی داڕشتنەوەی دەستوری سوریا

کۆبوونەوەکانی تایبەتن بە دەستوری سوریا لە ژنێڤ کۆتاییان پێهات بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی بەرچاویان هەبن، بەڵام نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا جەخت دەکاتەوە لەوەی خاڵی هاوبەش هەن لە نێوان لایەنەکاندا، وەک دەڵێت "چاوەڕوانی ئەوەن کۆبوونەوەی تر بکرێن."

گیر پیدرسن، ئاماژەش بەوە دەکات، پاش نزیکەی 10 ساڵ قەیران، هێشتاش ناکۆکی گەورە و بەهێز هەن بەڵام دەشڵێت " زۆر خۆشحاڵم بەوەی هەردوو نوێنەری بەشار ئەلئەسەد و ئۆپزسیۆنیش بە ئاشکرایی دەڵێن ژمارەیەک خاڵی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە."

لەگەڵ تەواوبوونی کۆبوونەوەکان لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەدا، نوێنەرانی بەشدار هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە بەوەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی داهاتوویان چی دەبن و هەروەها کەی ئەو کۆبوونەوانە دەکرێن.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، کۆبوونەوەکانی سەبارەت بە دەستوری نوێی سوریا بوون ڕاگیران، پاش ئەو پشکنینە تەندروستییەی بۆیانکرابوو کاتێک گەیشتبوونە ژنێڤ و دەرکەوت کە 4 بەشداربوو پەتای کۆرۆنایان هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ڕاگەیاندەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا لیژنەیەکی هاوبەشی بچوکتر دیاریکرا و لە 45 ئەندام پێکهاتبوو. ئەندامانی ئەو لیژنەیە بە یەکسانی دیارکرابوون لە نێوان دیمەشق و ئۆپزسیۆن و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.


میوانی بەرنامە:

شەلال گەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکرات لە سوریا.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە هیوایە، ئەم پێداچوونەوەیە بە دەستوری سوریادا بە مەبەستی چاکسازیکردن تیایدا، ببێتە میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی قەیرانی سوریا.

کورد بەشداری هەیە (نوێنەرانی ئەنەکەسە) لەو کۆبوونەوانەی تایبەتن بە دەستوری نوێی سوریا. کورد جەخت دەکاتەوە لەوەی نەک هەر بۆ دەستور، بەڵکو بەشداریپێنەکردنی کورد لە هەر پرسێکی تری چارەنوسسازی سوریادا، دەبێتە هۆکاری شکستی هەر بەرەنجامێک.

شەڕی ناوخۆیی سوریا، کە نزیکەی 10 ساڵە بەردەوامە، چەندان قەیرانی تری بە دوای خۆیدا هێناوە، لەوانە ئابوری و مرۆیی و سیاسی و لە ئێستاشدا قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناشی هاتۆتە سەر.

چاودێر نکوڵی ناکەن لەوەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا، وڵاتی سوریا بۆتە مەیدانێک بۆ پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە و جیهانیش، وە هەر یەکێکیش لەو وڵاتانە دەخوازن تەواوی دۆسێی سوریا بە گەورەترین بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێبهێنن و دەشڵێن لەم هاوکێشانەدا، گەلی سوریا زیانلێکەوتووی یەکەمە.

لایەنەکانی دەست و ڕۆڵ و کاریگەرییان هەیە لە قەیرانی سوریادا، دەیان ڕێککەوتن و کۆبوونەوەیان کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک یان میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ چارەسەرییەکی دیپلۆماسیانە لە ئاسۆدا دەرنەکەوتووە. دەشێت هۆکاری سەرەکی لێرەدا، جیاوازی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە بێت کە لە سوریادان.

لەم نێوەندەدا وتووێژەکان لەسەر داڕشتنەوەی دەستوری سوریا دەستیانپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیتەیەکی 150 ئەندامی پێکهێنرا و ڕژێمی سوریا و لایەنەکانی ئۆپزسیۆن و نوێنەرانی ژمارەیەکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان ئەندام بوون لەو کۆمیتەیەدا.

بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت کۆبوونەوەکانی ئەم کۆمیتەیە نەبوونەتە مایەی ئەنجامێکی ئەرێنی، تەنها ئەوەندە نەبێت کە ناگوترێت کۆمیتەکە شکستی هێناوە و ناگاتە هیچ ئەنجامێک، لە بری ئەوە دەگوترێت "خاڵی هاوبەش دۆزراونەتەوە و کاری لەسەر دەکرێت."

ئایا هەبوونی دەستوری نوێ، هیچ شتێک لە ڕەوشی سوریا دەگۆڕێت؟

ئایا ئەو دەستورەی بڕیارە بۆ سوریا بنوسرێتەوە، سوریاییەکان دەینوسنەوە یان وڵاتانی تر؟

کورد لە سوریادا لەکوێی ئەم هەوڵانەدایە بۆ نوسینەوە یان داڕشتنەوەی دەستور؟

ئایا تورکیا ڕێگە بە سوریایەکی سەقامگیر دەدات؟

شەلال گەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکرات، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:19 0:00

XS
SM
MD
LG