Accessibility links

بەڕێوەبەری WHO: جیهان ناتوانێت وەها بیر بکاتەوە کە کۆرۆنا کۆتاییپێهاتووە


سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات کە "هیچ وڵاتێک ناتوانێت وەها نیشان بدات پەتاکە کۆتایی پێهاتووە".

لە میانەی لێدوانێکیدا بە ڕێگای ئۆنلاین لە بارەگای سەرەکی ڕێکخراوەکەوە ڕۆژی دووشەممە دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرەیسس وتی، دەبێت وڵاتان جدی بن لەسەر "کۆنتۆڵکردنی بڵاوبونەوەو ڕزگارکردنی ژیان" ئەگەر دەیانەوێت بیر لە کردنەوەی شوێنەکان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ڕۆژانەکانی ژیان بکەنەوە.

دکتۆر تێدرۆس گوتیشی"تا وڵاتانی زیاتر کۆنترۆڵیان بەسەر ڤایرۆسەکەدا هەبێت، زیاتر دەتوانن شوێنەگشتییەکان و دوکان و بازاڕەکان بکەنەوە. کردنەوەی شوێنەکان بەبێ ئەوەی کۆنترۆڵیان بەسەردا هەبێت کارەساتی لێدەکەوێتەوە."

دکتۆر تێدرۆس " چوار شتی بنەڕەتی " پێشکەش بە هەموو وڵاتان، شار و تاکەکان کرد کە چاودێری بکەن بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەو شتانەش بریتین لە ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی گەورە لە یاریگا و یانەکانی شەوانەدا و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی توندی پشکنین و چاودێری کردنی پەیوەندییەکان و کەرەنتینە کردن. ئەو گوتیشی پێویستە وڵاتان هەنگاوبنێن بۆ پاراستنی کەسانی لاواز، لە ناویاندا کەسانی بەساڵاچوو ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایانیان هەیە و کارمەندانی بنەڕەتییان هەیە، کە گوتی یارمەتی پاراستنی ژیان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر سیستەمە تەندروستیەکانیان دەدات.

دکتۆر تێدرۆس هەروەها داوای لە تاکەکانیش کرد دەمامکی بپێچن و چاودێری دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بکەن و زوو زووش دەستبشۆن.

هاوکات ئاژانسی تەندروستی جیهانی هۆشداریش لەسەر پێشبڕکێ بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی سەلامەت و کاریگەر دژی COVID - 19 دەدات لە وەڵامی ئەو لێدوانانەی دکتۆر ستیفن هان سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا کە دەڵێت ئاژانسەکە تاوتوێی بەکارهێنانی لەناکاوی ڤاکسین دەکات پێش ئەوەی دووا قۆناغی تاقیکردنەوە مرۆییەکان کۆتاییپێبێت.

دکتۆر سۆمیە سوامیناتان، زانای گەورەی WHO، دەڵێت دەرکردنی مۆڵەتێکی لەوجۆرە "دەبێت بە ڕەنگدانەوەی ڕژدبوونێکی زۆرەوە ئەنجام بدرێت، ئەوە شتێک نییە کە زۆر بە سوکی لێی بڕوانیت" .

دکتۆر مایک ڕاین بەڕێوەبەری ئاژانسی بەرنامەی فریاکەوتنی تەندروستی ڕایگەیاند سیاسەتی ڤاکسینی هەر وڵاتێک " دەبێت بە بەرزترین پێوانەی ئەخلاقی گونجاو ڕێنمایی بکرێت" .

ڕاپرسییەکی نوێ لە کۆڕبەندە ئابوریەکانی جیهان کە لەلایەن کۆمپانیای ئیپسۆسەوە ئەنجامدراوە دەریدەخات نزیکەی 74 % ی هەموو ئەوکەسانەی کە تەمنیان لە18 ساڵ بەسەرەوەیە لەسەرانەری جیهاندا گوتویانە ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاردەهێنن ئەگەر ئامادەبێت. لەو 20 هەزار کەسەی کە لە 27 وڵاتی جیهاندا بەشدارییان کردووە، چین ئەو وڵاتە بوو بە پەرۆشترینە بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسین ، کە 97 % ی بەشداربوان پشتگیرییان کردووە ، لە کاتێکدا خەڵک لە ڕووسیا بە کەمترین شێوە پشتگیری دەکەن و تەنها 54 % ی خەڵک خواستیان بۆ کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکە دەربڕیوە.

لە نێو ئەو کەسانەی کە لە ئەمەریکاوە بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە، نزیکەی 67% دەڵێن ڤاکسینەکە بەکاردەهێنن.

ئەمەریکا ڕێژەی توشبوون و مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەهەمو جیهان زیاترە، هەتا ئێستا نزیکەی 6 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا توشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی 183 هەزارو 585کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەرچەندە ڕێژەی توشبوون بەنەخۆشییەکە لەچەندین ویلایەتدا بەشێوەیەکی مامناوەند جێگیربووە یان تەنانەت کەمیشی کردووە ، بەڵام چەند ویلایەتێک لەناوەندی ڕۆژئاوای ئەمەریکا ، لەوانەدا ئیندیانا ، ئایۆوا ، کانساس ، میشیگان ، میناسۆتا ، میزوری ، نێبراسکا ، ئۆهایۆ و داکۆتای باکوور و باشوور لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ژمارەیەکی ترسناکیان لەحاڵەتە نوێیەکان ڕاگەیاندووە .

بەپێی ڕاپۆرتی پڕۆژەی بەدواداچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی جۆنس هۆپکنس ، تا ڕۆژی سێشەممە کۆی گشتی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتە زیاتر لە 24 ملیۆن و نیو و نزیکەی 850 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG