Accessibility links

ناکۆکییەکانی وڵاتانی کەنداو دەبرێتە دادگای لاهای


میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، قەتەر گوناهبار دەکات بە پشتیوانکردنی "تێرۆریزم و توندڕەویی" هاوکاتی ئەوەی قەیرانی سیاسی 3 ساڵەی کەنداو گەڕاوەتەوە بۆ دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەبوزەبی داوای لە دادگای نێونەتەوەیی لاهای کردووە تا ئەو دۆسێ یاساییە لابدەن کە دۆحە بەرزیکردۆتەوە دژی میرنشینەکان بەوەی جیاوازی ڕەگەزی لەگەڵ قەتەردا دەکرێت.

عەرەبستانی سعودیە و بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و هاوپەیمانەکانی تریشیان لە ساڵی 2017وە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەردا تێکچووە و گوناهباریشیان دەکرد بەوەی پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و هەروەهاش پشتی ئێران دەگرێت کە ڕکابەریانە لە ناوچەکەدا.

هەر یەک لەو وڵاتانە گەمارۆی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییان خستە سەر قەتەر و هەروەهاش بڕیاری دەرکردنی هاوڵاتییانی قەتەرییان دا لە وڵاتەکانیاندا.

عەبدوڵا ئەلنەقیب، سەرۆکی بەشی یاسای نێونەتەوەیی لە وەزارەتی دەرەوەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لە ڕێی ڤیدیۆوە بە دادگای لاهای وتووە "ئەم وڵاتە هاوپەیمانانە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە لەلایەن قەتەرەوە بەهۆی پستیوانییەکانی دۆحە بۆ تێرۆریزم و توندڕەوی و ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی نییە بە جیاوازی ڕەگەزییەوە. "

قەتەر لە داوا یاساییەکەیدا بە دادگای لاهای دەڵێت؛ بڕیار و هەڵوێستەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب پێشێلکردنی پەیماننامەی ساڵی 1965 ە بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی جیاوازیکردن.

XS
SM
MD
LG