Accessibility links

هێرشبەران کەناڵی دیجلە دەسوتێنن


وێنەیەکی شاری بەغدا

دەستەیەکی تاوانکار لە بەغدای پایتەختی عێراق هێرشیان کردووە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنیان سوتاندوە.

کاربەدەستێکی ئاسایشی عێراق بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی وتووە "ئەم هێرشە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی ئاهەنگ ئامێز بووە لەو کەناڵەدا هاوکاتی مەڕاسیمەکانی عاشورا."

ڕۆژی یەکشەممە لە عێراق کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە ئاینزایە مەڕاسیمەکانی ساڵیادی کوژرانی ئیمام حوسەینیان دەستپێکرد. ئیمام حوسەین کچەزای موحەمەد، پێغەمبەری موسڵمانانە و لە ساڵی 680 ی زاینیدا کوژراوە.

هەر لە هەمان ڕۆژدا کەناڵی تەلەفزیۆنی دیجلە، بەرنامەی ئاسایی خۆیی بڵاوکردۆتەوە کە گۆرانی و هەڵپەڕکێشی تیادا بووە و ئەمەش عێراقییەکانی بێزار کردووە و بە کارێکی نەگونجاویان داناوە.

کەناڵی دیجلە داوای لێبوردنی کردووە و وتوویەتی "هەڵەیەکی بەبێ مەبەست بووە."
کاربەدەستێکی ئاسایشی لە عێراق بە ئاژانسی فڕانس پرێسی وتووە "ئەمڕۆ دووشەممە دەیان خۆپیشاندەری توڕەی ناڕەزاییان هەبووە بەرامبەر بەرنامەی کەناڵەکە، هێرشیان کردۆتە سەر کەناڵی دیجلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی جادریە و کەناڵەکەیان سوتاندوە و چوار کارمەندی کەناڵەکە بریندارن و زۆربەی کەرەستە و کەلوپەلی ئۆفیسی کەناڵەکەش تێکشکاون."

هاوکات ژمارەیەک لە کارمەندانی کەناڵەکەش دەستیان لە کار کێشاوەتەوە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو بەرنامەیەی ڕۆژی یەکشەممەی کەناڵەکە، لە کاتێکدا بەلانیکەم لە شەش پارێزگای عێراقدا کەناڵەکە قەدەغە کراوە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دادگایەک لە بەغدا فرمانی دەستگیرکردنی بۆ جەمال ئەلکەربولی، بەڕێوبەری کەناڵی دیجلە دەرکردووە بە تاوانی ئەوەی وەک لە فرمانەکەدا هاتووە "سوکایەتی کردنی بە مەبەست بە مەڕاسیمەکانی پێکهاتەیەکی ئاینی."

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، سوکایەتی کردن بە ئاین، دەشێت بڕیاری سزای هەتا 3 ساڵ زیندانی کردنی لەسەر بدرێت.

دادگا داوای لە کۆمیسیۆنی پەیوەندی و میدیا کردووە لە عێراقدا کە ئەرکی ڕێکخستنی کاروباری میدیای لە ئەستۆیە، تا بڕیاری پێویست لەسەر ئەو کەناڵە بدات.

لە مانگی 10ی ڕابردوودا، کە خۆپیشاندانەکان لە عێراقدا دەستیان پێکرد، ژمارەیەک خەڵکی دەمامک کراو هێرشیان کردە سەر کەناڵەکە، هەروەها ڕۆژی 10 مانگی یەک پەیامنێرێکی کەناڵەکە و وێنەگرەکەشی لە شاری بەسرەی باشوری عێراق کوژران.

XS
SM
MD
LG