Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی عێراق دەکات


سەرۆکی فەڕەنسا یەکەمین سەردانی فەرمی خۆی دەکات بۆ عێراق بە مەبەستی نیشاندانی هاوسۆزی خۆی بۆ عێراقییەکان هاوکاتی تێپەڕینی وڵاتەکە بە ژمارەیەک قەیراندا.

کاربەدەستانی عێراقی ئەم سەردانەی ڕۆژی چوارشەممەی ئیمانوێل ماکرۆنیان بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس پشتڕاست کردۆتەوە.

ئەم سەردانە یەک ڕۆژییەی ماکرۆن بۆ بەغدا، دوابەدوای سەردانەکەی دەبێت بۆ لوبنان، وە سەرۆکی فەڕەنسا دەبێتە گەورەترین کاربەدەستی بیانی سەردانی عێراق بکات لەوەتای موستەفا ئەلکازمی پۆستی سەرەک وەزیری عێراقی وەرگرتووە.

کاربەدەستانی عێراق بە ئاژانسەکەیان وتووە، لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ سەرەک وەزیر و هەروەهاش لەگەڵ سەرۆکی عێراق و ژمارەیەک سیاسی تری عێراقیدا کۆدەبێتەوە.

چەند کاربەدەستێکی تری عێراقی هەواڵی ئەم سەردانەیان پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا ئۆفیسی ماکرۆن ئەم هەواڵی سەردانەی ڕانەگەیاندووە.

وەک کاربەدەستانی عێراقی بە ئاژانسی فڕانس پرێسیان وتووە، دۆسێی سەروەریی عێراق سەنگیی دەخرێتە سەر و جەختیشیان کردۆتەوە لەوەی وڵاتەکەیان بێلایەن دەبن لە هەر قەیرانێکی نێوان تاران و واشنتۆندا کە هەردووکیان هاوپەیمانی عێراقن.

پێشتر و لە مانگی حەوتدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی بەغدای کرد و ئاماژەی بەوە کردبوو "پێویستە عێراق خۆی لە قەیرانە هەرێمایەتییەکان دوور بخاتەوە."

ڕۆژی 27 ی مانگی 8 هاوکاتی سەردانەکەی وەزیری بەرگری فەڕەنسا بۆ عێراق، لە بەغدا و لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقیش کۆبوونەوەی هەبووە.

بە پێچەوانەی زۆرێک لە کاربەدەستانی بیانی کە سەردانی عێراق دەکەن، ماکرۆن سەردانی هەولێر ناکات و بە هیوایە کاربەدەستانی کورد سەردانی بەغدا بکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا.

XS
SM
MD
LG