سەرۆکی لوبنان داوا لە موستەفا ئەدیب دەکات تا حکومەتی نوێی وڵاتەکە پێکبهێنێت.
ئەدیب، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو لە یەکەم لێدوانیدا دوای داوا لێکردنە فەرمییەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە دەڵێت پێویستە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ماوەیەکی پێوانەییدابێت و دەستبەجێش ئەم حکومەتە نوێیە دەست بکات بە جێبەجێکردنی چاکسازی وەک خاڵی سەرەتا و پێویست، تا ببێتە دەروازەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سندوقی دراوی نێونەتەوەییدا.
موستەفا ئەدیب دەڵێت "دەرفەتەکان لەبەردەم لوبناندا کەمن"
ئەدیب، پێشتر باڵیۆزی لوبنان بووە لە ئەڵمانیا و چوار سەرەک وەزیری پێشووی وڵاتەکە بە پەسەندیان زانیوە تا ئەو پۆستە وەربگرێت و ببێتە سەرەک وەزیری لوبنان کە لە قەیرانێکی قوڵی داراییدایە. ڕۆژی یەکشەممەش گەورە سیاسییەکانی لوبنان پشتیوانی خۆیان بۆ موستەفا ئەدیب ڕاگەیاند.
ڕاسپاردنی ئەدیب، بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی فەڕەنسایە بۆ لوبنان.
ئیمانوێل ماکرۆن، درەنگانێکی ئەمڕۆ دووشەممە دەگاتە لوبنان و بڕیاریشە لەم سەردانە دوو ڕۆژیەیدا هانی کاربەدەستانی لوبنان بدات تا دەستبکرێت بە قۆناغێکی نوێی سیاسی بە مەبەستی دەربازکردنی وڵاتەکە لە قەیرانەکانی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن و ڕەوشی خراپی ئابوری و چەندان دۆسێی تر.
ئەمەش دووهەم سەردانی ماکرۆنە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا بۆ لوبنان.