Accessibility links

حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوردا هێرش دەکەن


هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕایدەگەیەنێت 2 هێرشی یاخیبوانی حوسییەکانی یەمەنی تێکشکاندووە و یەکێک لەو هێرشانە بەلەمێکی بە مین چێنراو بووە کە حوسییەکان ناردبوویان بۆ نزیک ڕێڕەوی نێونەتەوەیی دەریایی لە دەریای سوردا.

کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات.

کۆلۆنێڵ تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت بەلەمەکە بینراوە و لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرا. لەو ڕاگەیەندراوەدا هیچ باسێک لە زیانی گیانی نەکراوە، بەڵام کاربەدەستانی یەمەنی دەڵێن بەلانیکەم 3 کەس کوژراون و 5 کەسی تریش بریندارن.

ئەلمالیکی، ئەو هەوڵی هێرشەی بە "هێرشێکی تێرۆرکاریی" ناودێر کردووە و دەڵێت مەترسی دەخاتە سەر ڕێگەی بازرگانی تەنگەی بابولمەندب، کە بۆ گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی کەنداو بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوروپا و هەروەهاش بۆ گواستنەوەی کەرەستە و کەلوپەل لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیەدا هاتووە، هاوپەیمانان ڕێگەیان لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان گرتووە و لەسەر فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی ئەبها تێکشکێندراوە لە باشوری ڕۆژئاوای عەرەبستانی سعودیەدا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمب و مەتریاڵی تری تەقینەوەی هەڵگرتبوو.

وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە، پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کەوتوونەتە ناو فڕۆکەخانەکەی سعودیەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی نەبووە.

XS
SM
MD
LG