Accessibility links

شاندەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگەنە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب


بە سەردانێکی مێژوویی لە تەلئەڤیڤەوە، گەورە یاریدەدەرانی سەرۆک ترامپ و هەروەهاش سەرەک وەزیری ئیسرائیل گەیشتونەتە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بۆ داڕشتنی کۆتایی پەیماننامەی ئاشتی نێوان میرنشینەکان و ئیسرائیل.

فڕۆکە ئیسرائیلییەکەی دوو شاندی ئەمریکایی و ئیسرائیلی تیادایە کاتژمێر 7:35 خولەکی سەرلەبەیانی بە کاتی ڕۆژهەلاتی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی نیشتۆتەوە کە یەکەم گەشتی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵاتە و بە بەشێکیش لەو ڕێککەوتنە مێژووییە دەبینرێت کە ئەمریکا ناوبژی تیادا کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە و هەروەهاش بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە نهێنیانەی لە نێوان ئەبو زەبی و تەلئەڤیڤدا هەبووە و بە تێپەڕبوونی کات بەهۆی دوژمنە هاوبەشەکەیان کە ئێرانە،گەشەی کردووە.

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەلعال، کە ئەستێرەی داودی پێوەیە لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ئیسرائیلەوە کەوتە ڕێ بەرەو میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.

ئەندامانی شاندی ئەمریکا بریتین لە جارید کوشنەر، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ، ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئافی پێرکویتز، نیردراوی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەهاش برایان هوک، نێردراوی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران.

ئەندامانی شاندی ئیسرائیلیش بریتین لە موئیر بن شبات، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و هەروەها بەڕێوبەرە گشتییەکانی ژمارەیەک وەزارەت لە کابینەی حکومەتدا.

جارید کوشنەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران، بەر لەوەی سواری فڕۆکەکە ببێت دەڵێت " لە کاتێکدا ئەم سەردانە، سەردانێکی مێژووییە، هیوادارین سەرەتای سەردانی زیاتری مێژوویی بێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورەکانی دوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلیش دەڵێت "خۆشحاڵە بەم سەردانە و ئامانجیش لێی دانانی بەردی بناغەی هاوکارییە لە بوارەکانی گەشتوگوزار و بازرگانی و تەندروستی و تەکنەلۆژیادا.

فڕۆکەکە بە ئاسمانی شاری ڕیاز پایتەختی عەرەبستانی سعودیەشدا تێپەڕیوە.

XS
SM
MD
LG