Accessibility links

ڕاوێژکاری کۆشکی سپی لەگەڵ شاندی ئیسرائیلدا سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات


جارید کوشنەر، ڕاوێژکاری کۆشکی سپی دەڵێت ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بۆ پەیوەندی دیپلۆماسی، دەستکەوتێکی مێژووییە.

کوشنەر لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "زەمینە ڕەخساوە" بۆ وڵاتانی تری عەرەب تا هەمان هەنگاوی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بنێن، بەڵام هیچ باسێکی لەوە نەکرد کە بەم زووانە ڕێککەوتنی تری هاوشێوە لە ئارادا بێت.

ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، شان بە شانی بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل و ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وەستابوو کاتێک قسەی بۆ میدیاکان دەکرد. لێدوانەکانیشی یەک ڕۆژ بەر لە سەردانەکەیەتی لەگەڵ شاندی ئیسرائیلدا بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، کە یەکەمین سەردانە.

ئەم سەردانە هێمای سیمبۆلی گەورەی لە خۆدا هەڵگرتووە و بە هەنگاوێکی سەرەکیش دادەنرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، سێهەمین وڵاتی عەرەبییە لەپاش میسر و شانشینی ئوردون کە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێت.

ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب وەرچەرخانێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوور لە ڕەهەندی نیگەرانییەکان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دوژمنە سەرسەختەکەی ئیسرائیل.

جارید کوشنەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئاماژەشی بەوە کرد کە وەک دەڵێت "ئەم دەستکەوتە مێژووییە لە پێناو ئاشتیدایە" و دەرفەتی هاوکاری ئابوری و ئاسایشی و ئاینیش دەڕەخسێنێت بە شێوەیەک کە پێشتر پێشبینی نەدەکرا.

ڕۆژی شەممەش میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ڕایگەیاند بە فەرمی کۆتاییهێنا بە دابڕانی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

وەها چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی ئایندەدا هەردوو وڵات لە کۆشکی سپی ڕێککەوتنێکی فەرمی مۆر بکەن.

XS
SM
MD
LG