Accessibility links

لوبنان بەرەو قەیرانی خۆراک


نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهی دەدات سەبارەت بەوەی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی لوبنان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی کێشەی خۆراک دەبنەوە.

لەم ئاگاهیدانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جارێکی تریش ئاماژە بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کراوە کە بووە مایەی قوڵترکردنەوەی قەیرانی ئابوری و دارایی وڵاتی لوبنان.

لیژنەی یو ئێن بۆ کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت "نیوە و زیاتری دانیشتوانی لوبنان، هاوکاتی نزیک بوونەوە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ، دەستیان ڕاناگات بە پێداویستیە خۆراکییەکانیان."

ڕۆڵا دشتی، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەم لیژنەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " دەبێت هەنگاوی دەستبەجێیی بنرێن بۆ خۆدوورخستنەوە لە قەیرانی خۆراک." هەروەها داوای لە حکومەتی لوبنانیش کردووە تا بە پلەی یەکەم کار لەسەر دروستکردنەوەی شوێنەکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە بکات لە بەندەری بەیروت، بەو پێیەی کاری سەرەکییە بۆ ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ لوبنان.

لە تەقینەوەکەی ڕۆژی 4ی مانگی هەشتی بەندەری بەیروتدا بەلانیکەم 188 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 6500 کەسیش بریندارن و هێشتاش بەلانیکەم 7 کەس بێسەروشوێنن.

لیژنەی یو ئێن بۆ کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەشی بەوە کردووە بەرزبوونەوەی ساڵانەی ڕێژەی گرانی لە لوبناندا لەمساڵی 2020دا لە سەدا پەنجای تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا تەنها لە سەدا 2 و لە دەدا 9 بووە.

لوبنان لە سەدا هەشتای خواردەمەنی هاوردە دەکات و لیژنەکەی یو ئێنیش دەڵێت لەسەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێویستە بە پلەی یەکەم کار لەسەر بەرنامەکانی ئاسایشی خۆراک بکات بۆ ئەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی کێشەی خۆراک دەبنەوە و تا شیانەکانی پشێوی کۆمەڵایەتی وەلاوەبنرێن.

لەگەڵ بەردەوامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گرنگە منداڵ و خێزانەکان لە لوبناندا کە بەهۆی تەقینەوەکەوە ژیانیان بە تەواوەتی تێکچووە، دەستیان ڕابگات بە ئاوی خواردنەوە و خۆراکی پێویستدا.

XS
SM
MD
LG