Accessibility links

لە ساڵیادی سەربەخۆییدا تورکیا ئاگاهی دەدات


تورکیا 98ەمین ساڵیادی شەڕی یەکلاکەرەوەی خۆی دژی هێزە سەربازییەکانی یۆنان بەرز ڕادەگرێت، هاوکاتی ئاماژەکان بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێ لەگەڵ یۆناندا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

سەرۆکی تورکیا لە پەیامێکیدا بۆ ئەم ساڵیادە دەڵێت "خەباتی تورکیا لە پێناو سەربەخۆیی و ئایندەدا، ئێستاش بەردەوامە."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت "ئەوە هەرگیز ڕێکەوت نییە ئەوانەی دەیانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دوورمان بخەنەوە، هەر ئەو داگیرکەرانەن پێش یەک سەدە هەوڵی داگیرکردنی نیشتمانەکەیان دەداین."

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، هێزە لەشکرییەکانی تورکیا و یۆنان دەستیان کرد بە مانۆڕی لەشکری لە سنورە ئاوییەکەی نێوان دوڕگەی قوبرس و هەروەهاش دوڕگەی کریتی یۆنانی.

کێشەی نێوان ئانکەرە و ئەسینا لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە تورکیا کەشتییەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا ناردە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وژمارەیەک کەشتی جەنگییش یاوەری ئەو کەشتییەی تر بوون.

یۆنان کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە دەڵێت ئەو سنورە ئاویەی تورکیا کەشتییەکانی بۆ ناردووە، سنوری ئاوی یۆنانە.

یەکێتی ئەوروپا ئەو هەوڵانەی تورکیا بۆ دۆزینەوەی سوتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بە "جموجۆڵی نایاسایی" ناودێر کردووە و ئاگاهیشی داوە کە دەشێت ئەو جموجۆڵە نایاساییانە ببنە مایەی سەپاندنی سزا بەسەر ئانکەرەدا.

تورکیا دەڵێت یۆنان و وڵاتانی تریش نکوڵی لە مافی ئانکەرە دەکەن بۆ گەڕان بەشوێن سەرچاوەی سوتەمەنیدا لە دەریای ناوەڕاستدا.

یۆنان لەم ماوەیەی ڕابردوودا چووە پاڵ فەڕەنسا و ئیتالیا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لەو مانۆڕە جەنگییەی دەریاییدا لە ناوچەکەدا.

لەشکری تورکیا لە ڕۆژی شەممەوە دەستیکردوە بە مانۆڕێکی گەورەی لەشکری لە دەریای ناوەڕاستدا و وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەش دەڵێت "ئەم مانؤڕە لەشکرییە تا ڕۆژی 11 مانگی 9 بەردەوام دەبێت."

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت "فراوانکردنی سنوری ئاوی لەلایەن یۆنانەوە لە 6 میلەوە بۆ 12 میل، دەبێتە هۆکاری هەڵایسانی شەڕ."

XS
SM
MD
LG