Accessibility links

کۆبوونەوەکان لەسەر دەستوری سوریا بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێدێت


کۆبوونەوەکانی تایبەتن بە دەستوری سوریا لە ژنێڤ کۆتاییان پێهات بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی بەرچاویان هەبن، بەڵام نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا جەخت دەکاتەوە لەوەی خاڵی هاوبەش هەن لە نێوان لایەنەکاندا، وەک دەڵێت "چاوەڕوانی ئەوەن کۆبوونەوەی تر بکرێن."

گیر پیدرسن، ئاماژەش بەوە دەکات کە پاش نزیکەی 10 ساڵ قەیران، هێشتاش ناکۆکی گەورە و بەهێز هەن بەڵام دەشڵێت " زۆر خۆشحاڵم بەوەی هەردوو نوێنەری بەشار ئەلئەسەد و ئۆپزسیۆنیش بە ئاشکرایی دەڵێن ژمارەیەک خاڵی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە."

لەگەڵ تەواوبوونی کۆبوونەوەکان لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەدا، نوێنەرانی بەشدار هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە بەوەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی داهاتوویان چی دەبن و هەروەها کەی ئەو کۆبوونەوەی داهاتوو دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، کۆبوونەوەکانی سەبارەت بە دەستوری نوێی سوریا بوون ڕاگیران، پاش ئەو پشکنینە تەندروستییەی بۆیانکرابوو کاتێک گەیشتبوونە ژنێڤ و دەرکەوت کە 4 بەشداربوو پەتای کۆرۆنایان هەیە. ڕۆژی پێنجشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ڕاگەیاندەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا لیژنەیەکی هاوبەشی بچوکتر دیاریکرا و لە 45 ئەندام پێکهاتبوو. ئەندامانی ئەو لیژنەیە بە یەکسانی دیارکرابوون لە نێوان دیمەشق و ئۆپزسیۆن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە هیوایە، ئەم پێداچوونەوەیە بە دەستوری سوریادا بە مەبەستی چاکسازیکردن تیایدا، ببێتە میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی قەیرانی سوریا، کە تا ئێستا بۆتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 380 هەزار کەس لە سوریادا.

XS
SM
MD
LG