Accessibility links

کاردانەوەکان لەمەڕ دەستگیرکردنی چالاکوانێکی ژن لە هەولێر


لە هەولێر سەیران محەمەد نوێنەری ڕێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و چالاکی ژن، بەپێی سەرچاوەکان لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە و دەستگیرکردنەکەشی بۆ بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێکی فیسبوک دەگەڕێننەوە.

شاخەوان دوکانی سەرۆکی ڕێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سەیران محەمەد نوێنەری ڕێکخراوەکەمان بووە لە پارێزگای هەولێر لەکاتی چونە بازاڕدا لەگەڵ منداڵەکانی لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر مەفرەزەیەک دەستگیری کردووە و زیندانیان کردووە بەو پێیەی گوایە ناوبراو هانی خەڵک دەدات بۆ خۆپیشاندان و و گوایە گوایە سەیران نزیکە لە پەکەکەوە، پاش ئەوەش کە گواستراوەتەوە بۆ خانەی چاکسازی ژنان و منداڵان دوای لێکۆلینەوەیەکی زۆر دیارە کەیسەکەیان گۆڕیوە، باس لەوە دەکرێت کە گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی هەولێر".

سەیران محەمەد
سەیران محەمەد

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بەڕێز دوکانی دەڵێت پێیان وایە لەسەر ڕای ئازاد دەستگیرکراوە کە لە فەیسبوکی خۆیەوە کۆمەڵێک پۆستی کردووە، هەرچەندە ئەوان وەکو ڕێکخراو پێیان نەوتووە کە ئەو پۆستانە بکات چونکە ئەوان کاری مەدەنی دەکەن لە کوردستان و ئەوروپا، بەو پێیەی کە نوێنەری رێکخراوی ئەوانە کەمپینێکیان بۆ رێکخستووە تا ئەو خانمە لە زیندان ئازاد بکەن بەتایبەتیش ئێستا دوو منداڵی لەگەڵدایە، ئەو ژنە جگە لەوەی کە چالاکوانە لەناو هەولێر دوکانێکیشی داناوە ئیشی چێشتلێنان و خواردنگە دەکات و فەرمانبەری هیچ حزب و دامودەزگایەکی حکومی نییە.

لە لایەکی ترەوە زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەدواداچوونەکانیان لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانە ژنە بە دەنگی ئەمەریکای گووت" ئاگادارن لەو ڕەوشە و بەبڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە و ئێمە وەکو دەستە دەتوانین تەنها بەدواداچونی بۆ بکەین چونکە ناتوانین تەداخول بکەین لە دەسەڵاتی دادوەری، لەسەر بابەتی خۆپیشاندان و ئەو ڕەوشەی ئێستا دەستگیرکراوە، بە تاکید چاوەرێمان دەکرد یەکێک لە کەسوکارەکەی سکاڵایەک بنوسن بەڵام تا ئێستا کەس سکاڵای نەنوسیوە بۆ ئەوەی بیکەینە فەرمی."

سەبارەت بەهۆکاری دەستگیردنی سەیران محەمەد چالاکوانی ژن لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە دکتۆر تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێرەوە کرد بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

جێی باسە ژمارەیەک لە چالاکانی سڤیل و ڕۆژنامەنووسان و توێژی جیا جیا کەمپینێکیان بۆ ئازادکردنی سەیران محەمەد ڕاگەیاندووە و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیسی هەولێر و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەن کە دەستبەجێ سەیران محەمەد و منداڵەکانی ئازاد بکرێن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:41 0:00


XS
SM
MD
LG