Accessibility links

ئیسرائیل لە بەردەم ئەگەری چوارهەمین هەڵبژاردندا لە ماوەی 2 ساڵدا


یاسادانەرانی ئیسرائیل لە هەوڵدان بۆ دانوستاندن لەسەر پلانێک بۆ ڕێککەوتن لە دوا ساتەکانی ئەو وادەیەی هەیە بۆ پەسەندکردنی بودجەی وڵاتەکە.

ئەگەر بێتوو بودجە پەسەند نەکرێت تا سەرلە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ئەوا پەرلەمانی ئیسرائیل هەڵدەوەشێتەوە و پێویستە هەڵبژاردن بکرێتەوە کە بۆ چوارهەمین جار دەبێت لە ماوەی 2 ساڵدا.

بەپێی ڕێکارە یاساییەکان لە ئیسرائیل، ئەگەر حکومەت لە ماوەی 90 ڕۆژی پاش پەسەندکردنیدا، بودجەی وڵاتەکەی مۆر نەکرد، ئەوا وەک بارێکی ئاسایی پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە.

چاودێر لەوبڕوایەدان، کێشەکان لەوە قوڵترن تەنها ببەسترێنەوە بە ناکۆکییەکانی ناو حکومەتی ئێستای ئیسرائیلەوە، وەک دەڵێن " بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هەروەها دادگایی کردنی سەرەک وەزیری وڵاتەکە لەسەر دۆسێکانی گەندەڵی، دەشێت پەیوەندییان هەبێت بە پەسەند نەکردنی بودجەوە."

ڕەخنەگران لە بەنجامین نەتەنیاهۆ دەڵێن، سەرەک وەزیر دۆسێی بودجە بەکاردەهێنێت تا هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت و بە هیوای ئەوەیە لە پەرلەماندا پشتیوانی زیاتری هەبێت و پەرلەمانی نوێ ببێتە یارمەتیدەری بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە یاساییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

زئیڤ ئێلکین، وەزیر لە حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ کە سەر بە پاتی لێکودە دەڵێت "دیالۆگ لە نێوان لایەنەکاندا هەیە و هەوڵ دەدرێت خۆ دوور بخرێتەوە لەوەی هەڵبژاردن بکرێتەوە."

بڕیارە لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئیسرائیل لە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەدا کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی بەرنوسێک لەسەر ئەگەر و نەگەری دواخستنی ئەو دوا وادەیە بۆ پەسەندکردنی بودجە دانراوە و لە بەرنوسەکەشدا باس لەوە کراوە تا سەرەتای مانگی 12 دوابخرێت.

چاودێر لەوبڕوایەدان دواخستنی وادەی پەسەندکردنی بودجە نابێتە مایەی چارەسەرکردن.

هەردوو لایەنی سەرەکی لە حکومەتی ئیسرائیلدا " پارتی لێکود و هەروەها پارتی شین سپی" ناکۆکییان لەسەر زۆر دۆسێی تریش هەن، لەوانە دامەزراندنەکان لە دەسەڵاتی دادوەری و گێڕانەوەی نیشتەجێبووەکانی کەناری ڕۆژئاوا.

XS
SM
MD
LG