Accessibility links

لە غەزنەی ئەفغانستان 7 کەس دەکوژرێن


لە ئەفغانستان بەلانیکەم 7 کەس دەکوژرێن لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئەم تەقینەوەیەی ڕۆژی یەکشەممە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو گومان و نادیارییەی لە ئەفغانستان هەیە سەبارەت بە دەستپێکردنی وتووێژەکانی نێوان تاڵیبان و حکومەتی وڵاتەکەدا.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاندووە لەم تەقینەوەیەی لە هەرێمی غەزنە ڕوویداوە.

وەحیدوڵا جومعەزادە. وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی غەزنە دەڵێت 3 ژن و 2 منداڵ و 2 پیاو گیانیان لە دەستداوە پاش ئەوەی بۆمبەکە لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تەقیوەتەوە.

هێشتاش خەڵکی سیڤیل لە ئەفغانستان باری گرانی شەڕ بەسەر شانیانەوەیە، وێڕای ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دەستپێکردنی وتووێژی ئاشتی و دۆزینەوەی نەخشە ڕێگەیەکی ئاشتی بۆ ئەفغانستان.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی مانگی 7ی ڕابردوودا زانیاری لەسەر زیانە گیانییەکان لە ئەفغانستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "1282 کەس لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020دا بەهۆی توندوتیژیەکانەوە کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون."

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەشی بەوە کردووە، لە سەدا 40 ی قوربانیانی توندوتیژییەکانی ئەفغانستان بریتین لە ژن و منداڵان.

دەستپێنەکردنی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانێکی کابول سەبارەت بە ئازادنەکردنی 320 گیراوی تاڵیبان، تا ئەو کاتەی تاڵیبان ژمارەیەکی زیاتری سەربازە دیلەکانی حکومەتی ئەفغانستان ئازاد دەکات.

XS
SM
MD
LG