Accessibility links

سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سەردانی تاران دەکات


کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران هیچ پەیوەندییەکی نییە بە هەوڵەکانی ئەمریکاوە بۆ سەپاندنەوەی سناپ باک، سزا نێونەتەوەییەکان بەسەر ئێراندا.

بڕیارە ڕەفائێل گرۆسی، سەرۆکی ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم هەفتەیەدا بگاتە تاران.

حکومەتی ئەمریکا داوا دەکات تەواوی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێندرێنەوە بەسەر ئێراندا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015 ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا مۆری کرد.

ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زاری کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێرانەوە لە دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی, دەڵێت "سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، نە پەیوەندی بە سەپاندنەوەی سزاکانەوە هەیە و نە پەیوەندیشی بە داواکانی ئەمریکاوە هەیە."

دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەڕێز گرۆسی سەردانی ئێران دەکات تا فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە مەبەستی گەیشتن بەو شوێنانەی بڕوا وایە تاران مەتریاڵی ناوکی تیادا عەممار کردبێت.

غەریب ئابادی دەڵێت ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممە سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا کۆدەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا نامەیەکی ناردووە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

موحەمەد جەواد زەریف لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا مافی نییە داوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بەسەر ئێراندا و نوسیویشیە "ئەمریکا مافی داواکردنی خۆیی لەدەستداوە، چونکە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە کشاوەتەوە."

ڕوسیا و چین و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، هێشتاش داکۆکی لەو ڕێککەوتنە ناوکییە دەکەن بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.
بڕیارە ڕۆژی 1 ی مانگی 9 ئەو پێنج وڵاتە و ئێران لە ڤیەننا کۆببنەوە.

XS
SM
MD
LG