Accessibility links

تەقینەوەیەک و هێرش بۆ سەر ئوتێلێک ڕەوشی پایتەختی سۆماڵیا دەهەژێنێت


ئەفسەرێکی پۆلیس لە سۆماڵیا دەڵێت بەلانیکەم 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 12 کەسیش بریندارن هاوکاتی پێکدادانی نێوان هێزە ئاسایشییەکان و ئەو توندڕەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر ئوتێلێک لە پایتەختی وڵاتەکە.

ئیسماعیل موختار، وتەبێژی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سۆماڵ دەڵێت هێزە ئاسایشییەکان تا ئێستا 2 کەسیان لە هێرشبەرەکان کوشتووە، لە نێوەندی ئەو مەترسیانەی لە ئارادان کە ئەم هێرشە ببێتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی بارمتە گرتن لەناو ئوتێلەکەدا و هەروەهاش مەترسی ئەوەی ئەم ڕەوشە درێژە بکێشێت لە مەگادیشۆی پایتەخت.

ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبینرێت لە چواردەوری ئوتێلەکە.

موحەمەد حوسەین، وتەبێژی پۆلیسی سۆماڵیا دەڵێت هێرشەکە بە تەقینەوەیەکی بەهێزی ماشێنێکی بە بۆمب چێنراو دەستی پێکرد و بووە مایەی تێکشکاندنی دەروازە ئاسایشییەکانی ئوتێلەکە و بە دوایدا چەکدارەکان چوونەتە ناو ئوتێلەکەوە و ژمارەیەک خەڵکییان بە بارمتە گرتووە و زۆربەشیان، وەک دەڵێت ئەو کوڕ و کچە گەنجانەن بۆ نانخواردن لە ئوتێلەکە بوون.

کاپتن موحەمەد حوسەین دەڵێت توانراوە 10 کەس ڕزگار بکرێن لەوەی بە بارمتە بگیرێن لەڕێی ڕێگەگرتن لە هێرشبەرەکان تا نەگەنە نهۆمی سەرەوەی ئوتێلەکە.

ڕێکخراوی شەباب، کە سەر بە تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدەیە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندوە.

ئەم هێرشەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی بەو سەروەختە هێوریە چەند مانگەی هێنا کە لە سۆماڵیا هاتبووە ئاراوە پاش ئەو زنجیرە هێرشەخۆکۆژییەی لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا لەو وڵاتە کرابوون.

XS
SM
MD
LG