Accessibility links

سائیب عورەیقات: ڕێککەوتنی میرنشینە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل چارەسەری دوو دەوڵەتیی لەناوبرد


ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ڕزگارکردنی فەلەستینییەکان دەڵێت ڕێککەوتن و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبدا "چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکوژێت و توندڕەوەکان بەهێز دەکات و هەموو شیانەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لەناو دەبات."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پینجشەممە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی ڕاگەیاند.

ڕێبەرانی سیاسی فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە دەربڕیوە، لە کاتێکدا بەنیامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل بە "ڕێککەوتنێکی مێژوویی" ناودێری دەکات.

سائیب عورەیقات، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ڕزگارکردنی فەلەستینییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای بیانی لەڕێی ئینتەرنێتەوە وتوویەتی "بۆچی نەتەنیاهۆ باس لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات کە دەزانێت وڵاتانی عەرەبی لە پشتی دەبن بۆ هێنانە ئارای ئاشتی؟"

عورەیقات دەشڵێت کەسانی وەک نەتەنیاهۆ و توندڕەوانی ئیسرائیل لەوبڕوایەدان چارەسەری دوو دەوڵەتی چیدی بژارەیەک نییە و دەشڵێت توندڕەوانی فەلەستینیش دەڵێن هەر لە سەرەتاوە دەمانگوت هەرگیزچارەسەری دوو دەوڵەتی بژارە نەبووە.

سائیب عورەیقات دەڵێت "ئەم ڕێککەوتنە هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ ڕزگارکردنی پلانە ئاشتیانەکەی سەرۆک ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە جارید کوشنەر، زاوای سەرۆک ترامپ هێڵە گشتییەکانی داڕشتووە.

فەلەستینییەکان داوای کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەب و هەروەهاش ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامییان کردووە، بەڵام وەک بەڕێز عورەیقات دەڵێت "هەتا ئێستا سەرکردایەتی فەلەستینییەکان هیچ وەڵامێکی ئەو داوایەیان وەرنەگرتۆتەوە."

XS
SM
MD
LG