Accessibility links

عێراق ڕێگە دەگرێت لە سەردانی بەرپرسانی تورکیا


دکتۆر ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
دکتۆر ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕێگەپێدانی هاتنەناوەوەی بەرپرسانی تورکیای لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە ڕادەگرێت و ئەو سەردانانەی کاربەدەستانی تورکیا بۆ عێراق کە پێشتر پلانیان بۆ دانرابووهەڵدەوەشێنێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی عێراقی ڕاگەیاندووە؛ وەزارەتەکەی 2 جار باڵیۆزی تورکیای بانگێهشت کردووە و هەردوو جارەکەش یاداشتی ناڕەزایینامەی توندی پێدراوە لەسەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق.

ئەحمەد ئەلسەحاف دەڵێت لەو 2 یاداشتەدا داوا لە حکومەتی تورکیا کراوە تا ناوی تاوانبارانی پێشێلکارانی سەروەری عێراق و ناوی ئەوانەش ئاشکرا بکات کە تاوان و دژایەتی بەرامبەر عێراق دەکەن.

لەو لێدوانەیدا ئەلسەحاف، ئاماژەشی بەوە کردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ هاوشانە عەرەب و بیانییەکاندا کردووە و جەخت دەکاتەوە لەوەی "هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپایی پشتیوانی لە هەڵوێستی عێراق دەکەن و پاڵپشتی وڵاتەکەش دەبن بۆ بەرگری کردن لە یەکپارچەیی و سەروەری عێراق."

ئەحمەد ئەلسەحاف دەڵێت، عێراق بە هەمان شێوە سەروسەودا لەگەڵ تورکیادا دەکات و دەڵێت "ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لە ساڵی 2009دا مۆرکرا، ڕادەگیرێت، کە بەپێی ئەو یاداشتنامەیە کارئاسانی دەکرێت و ڤیزا لە دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکاندا دەدران، هەروەهاش بڕیار دراوە تەواوی سەردانی بەرپرسانی تورکیا بۆ عێراق و پێشتر بەرنامەیان بۆ دانرابوو هەڵبوەشێندرێنەوە."

یەکەم هەنگاو بەو ئاڕاستەیەدا هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا بوو بۆ عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت "بەردەوام دەبێت لە کردە لەشکرییەکانی لەناو سنورەکانی عێراقدا دژی چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە چاوپۆشیکردن لە بوونی پەکەکە لەو ناوچانە."
تورکیا داوا دەکات عێراق هاوکاریی بکات.

ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت " عێراق بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی پشت بە یاسا نێونەتەوەییەکان دەبەستێت." دەشڵێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئەم گرژیانە هێور دەکەنەوە و دیدی هاوبەش لە نێوان بەغدا و ئانکەرەدا دێننە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

لە هەفتەی ڕابردوودا، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا هێرشی کردە سەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنوری عێراقی و 2 گەورە ئەفسەری ئەو هێزە عێراقییە کوژران و ئەفسەرێکی باڵاش بریندار بوو. هەر لەو هێرشەدا لە ناوچەی سیدەکان ژمارەیەک سەربازیش کوژران.

XS
SM
MD
LG