Accessibility links

میشێل عۆن: لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەیروت زۆر ئاڵۆزە و کاتی زۆری دەوێت


سەرۆکی لوبنان، لێکۆڵینەوە لە تەقینەوە وێرانکارییەکەی بەندەری بەیروت بە "زۆر ئاڵۆز" ناودێر دەکات.

میشێل عۆن دەڵێت ئەو لێکۆڵینەوەیە بە خێرایی کۆتایی پێنایەت.

لە یەکەم دیمانەیدا لەگەڵ میدیایەکی بیانیدا، لە دوای تەقینەوەکەی ڕۆژی چواری مانگی هەشت، سەرۆکی لوبنان سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، بە تەلەفزیۆنی (بی ئێف ئێم تیڤی) فەڕەنسایی وتووە "ئەوە مەحاڵە چونکە بۆشایی دەسەڵات دروست دەکات."

تا ئێستاش هۆکاری گڕگرتنی نزیکەی 3000 تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم کەلە بەندەری بەیروت عەممار کرابوو، ئاشکرا نییە.

بەپێی بەڵگەنامەکان سەرکردایەتی باڵا لە لوبنان، بە سەرۆکی وڵاتەکە و بەرپرسانی ئاسایشیشەوە ئاگادار بوون لەوەی چەند ساڵێکە ئەو مەتریاڵە کیمیاییە لە بەندەری بەیروت هەڵگیراوە.

تەقینەوەکە بووە مایەی کوژرانی 180 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 6 هەزار کەس و زیاتر لە 30 کەسیش هێشتا بێ سەروشوێنن.

میشال عۆن دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانی لە 3 بەش پێکدێن؛ یەکەمیان بۆ دیاریکردنی هەلومەرجی هێنانی ئەو مەتریاڵانەیە، دووهەمیش، ئەو مەتریاڵانە لە کوێوە هاتوون و کێ هێناونی، سێهەمیشیان کێ بەرپرسیاربووە لە عەممارکردنی و پاراستنی ئەو مەتریاڵانە.

سەرۆکی لوبنان دەڵێت "ئێمە سوورین لەسەر گەیشتن بە بەرەنجام بەڵام بۆشمان دەرکەوتووە هەر یەکێک لەو دۆسێیانە زۆر ئاڵۆزن و کاتی زیاتری پێدەوێت."

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی کاتێک زانیاری وەرگرتووە لەسەر بوونی نیتراتی ئەمۆنیۆم کە خێرا گڕ دەگرێت و دەتەقێتەوە، چیی کردووە، میشال عۆن دەڵێت "زۆر درەنگ زانیویەتی" بەڵام ڕاوێژکارە لەشکرییەکەی دڵنیای کردۆتەوە لەوەی بەرپرسە ڕاستەخۆکان کاری خۆیان دەکەن.

سەرۆکی لوبنان کە حزبوڵا بە شێوەیەکی زۆر بەهێز پشتیوانی لێدەکات، دەڵێت داوای وێنەی مانگە دەستکردەکانیشی کردووە تا بزانرێت ئایا هێرشی ئاسمانی بۆتە هۆکاری ئەو تەقینەوەیە و دەشڵێت بە دووری نازانێت هێرشێکی موشەکییانەی بیانی بووبێتە هۆکاری تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت.

زۆرێک لە لوبنانییەکان دەخوازن لێکۆڵینەوەکان لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە نەکرێت، بەهۆی ئەوەی وەک دەڵێن "مشتومڕی درێژخایەنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە (گەندەڵی) ڕێگە نادات هیچ بەرەنجامێک بزانرێت کە زیان لە دەسەڵاتدارانی لوبنان بدات."

ناڕەزایی گشتی لە لوبنان پەرەی سەندووە و حکومەتەکەی حەسەن دیاب لەژێر فشاری خەڵکدا ڕۆژی 10ی مانگی 8 دەستی لە کار کێشایەوە.

XS
SM
MD
LG