Accessibility links

بۆ یەکەم جارە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیل پەیوەندی تەلەفونی نێوانیان دەستپێبکەن


خزمەتگوزاری پەیوەندی تەلەفونی لە نێوان میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیلدا دەستیپێکرد هاوکاتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

دەستپێکردنی پەیوەندی تەلەفونی بەشێکە لەو ڕێککەوتنەی ئەمریکا ناوبژی تیادا کرد و ئیسرائیلی وابەستە کردووە بەوەی دەستبەرداری پلانە مشومڕ لەسەرەکەی بێت تا ژمارەیەک ناوچە لە کەناری ڕۆژئاوا بخاتە سەر ئیسرائیل.

پەیامنێرەکانی ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس لە ئۆرشەلیم و دوبەیەوە لەمڕۆ یەکشەممەدا توانییان بە ئامێرەکانی تەلەفونی ئاسایی و مۆبایلیش پەیوەندی بە یەکەوە بکەن.

پاش یەک کاتژمێر، لە کرانەوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکان، شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیری دەرەوەی میرنشینەکانی عەرەب پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلدا کردووە.

وەزیری گەیاندنی ئیسرائیل یوعاز هاندل، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات بۆ لادانی ئەو بەربەستانە و دەڵێت " ژمارەیەکی بەرچاوی دەرفەتە ئابورییەکان لە ئێستاوە دەڕەخسێن و هەنگاوەکان بۆ بونیاتنانی متمانە، بە هەنگاوی گەورە دادەنرێن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."

هەر ئەمڕۆش یەکشەممە لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب توانرا لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە سەردانی ماڵپەڕە هەواڵییەکانی ئیسرائیلیش بکرێت، کە پێشتر دەسەڵاتداران لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ڕێگەیان گرتبوو لە سەردانکردنی ئەو ماڵپەڕانەی ئیسرائیل.

دەستکردن بە پەیوەندی تەلەفونی نێوان ئەم دوو وڵاتە وەک ئاماژەیەکی بەرجەستە لێی دەڕوانرێت بۆ ڕێککەوتنی نێوان میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیل.

ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی خۆیان ڕاگەیاند لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی ئەمریکا ناوبژی تیادا کرد.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بووە سێهەم وڵاتی عەرەبی لە پاش میسر و شانشینی ئوردون، پەیوەندییەکی تەواوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا پێکیانەوە ببەستێتەوە.

زوویەکی ئەمڕۆش یەکشەممە، ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (وام) ڕایگەیاند کۆمپانیایەکی وڵاتەکە، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلدا مۆرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر پەتای کۆرۆنا.

کاردانەوە بەرامبەر بەم ڕێککەوتنە هەبووە، لە کاتێکدا هەندێک لە فەلەستینییەکان وەک خیانەتێک لە هەوڵە بەردەوامەکان لێی دەڕوانن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی.

لە پاکستان سەدان کەس لەمڕۆ یەکشەممەدا خۆپیشاندانیان کردووە و ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە و ئاڵاکانی ئیسرائیل و ئەمریکاشیان سوتاندووە.

تورکیا و ئێرانیش کە بە دوو وڵاتی ڕکابەری میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دادەنرێن دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاندووە.

سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنەی بە "کارەسات" ناودێر کردووە.

موحەمەد حوسەین باقری، داوای لە ئەبوزەبی کردووە تا پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەیدا بکات و دەڵێت " ئەگەر ڕووداوێک لە کەنداوی عەرەب ڕووبدات و تەنانەت ئەگەر بە ئاستەمیش ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشێل بکات و ئەوە لە میرنشینە یەکگرتووەکانەوە ببینرێت ئەوا هەرگیز ناهێڵین بەسەریدا تێبپەڕێت."

XS
SM
MD
LG