Accessibility links

یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە گوندی کۆچۆ


ئەمڕۆ شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە گوندی کۆچۆ.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 چەکدارانی داعش هێرشێکی فراوانیان کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان لە دەشتی موسڵ و شنگال و گوندەکانی دەوروبەری. لەو هێرشانەدا هەزاران ژن، منداڵ و پیاوی ئێزیدی ڕفێندران و کوژران. بە پێی ئامارە نیمچە فەرمییەکان شەش هەزار کەس کوژران و ڕفێندران. لە 15 ی هەشتی هەمان ساڵ چەکدارانی داعش لە گوندی کۆچۆی باشوری قەزای شەنگال ژن و مناڵ و پیاوەکانی گوندەکەیان لە خوێندنگایەک کۆکردەوەو پاشان لەیەک جیایانیان کردەوە . ژن و منداڵەکانیان بۆ شارەکانی تەلەعفەر، موسڵ و ڕەقە، کە ئەو کاتە لە ژێر دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی بوون، ڕەوانە کرد و پیاوەکانیشیان کۆمەڵکوژ کرد.

هەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو گوندە بێسەروشوێنن.

لە شەشهەمین ساڵیادی ئەو کارەساتەدا ڕزگاربوان داوا دەکەن چەکدارانی داعش لە دادگای نێونەتەوەیی دادگایی بکرێن.

ئەم کارەساتە لە سەر ئاستی کۆنگرێسی ئەمەریکا، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووکان و دەیان وڵات و ڕێکخراوە جیهانییەکان بە جینۆساید ناسرا بەڵام حەیدەر ئەلیاس سەرۆکی ڕێکخراوی یەزدای بنکە لە ئەمەریکا لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " وەڵامی جیهان هەرچۆنێک بێت ناگاتە ئاستی گەورەیی هیچ جینۆسایدێک ".

ئەو هەروەها باس لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش دەکات کە پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تاقیکردنەوی DNAیان بۆ بکرێت بزانرێت چۆن کوژراون وەک دەڵێت وەک دەڵێت " بۆ ئەوەی ببێت بە بەڵگەی جینۆساید".

حەیدەر ئەلیاس لە شەشهەمین ساڵیادی بیرەوەی کۆچۆ گوتیشی " لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەی ئەو خوێندنگایەی کە لە دووا کاتەکانی کۆمەڵکوژی کۆچۆ خەڵکەکەی تیا کۆکرابۆوە بکرێتە مۆزەخانە بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە."

دەشڵێت " ئێمە وەکو ڕێکخراوی یەزدا دەمانەوێت مۆزەخانەیەکی گشتی لەسەر ئێزیدییەکان دروست بکرێت جا لە هەر شوێنێکی دەڤەری شەنگال بێت."

XS
SM
MD
LG