Accessibility links

سەرچاوەیەک: پارێزەرێکی ئێرانی داوای پێداچوونەوە بەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی جودابیرێکی کورد دەکات


یەکێک لەو پارێزەرە ئێرانیانەی کە نوێنەرایەتی زیندانییەکی سیاسی کورد دەکات کە لە ئێراندا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بۆتەوە بە پێی ڕاپۆرتان داوای پێداچوونەوەی بەسەر بڕیاری لەسێدارەدانەکە کردووە لە کاتێکدا پشتیوانانی دەڵێن ئەو بڕیارە ناڕەوابووەو لەسەر بنەمای دانپیانان لەژێر فشاردا بووە.

لە دیمانەیەکی ڕۆژی سێشەممەدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا سەرچاوەیەکی کە زانیاری لەسەر ڕەوشەکە هەیە گوتی پارێزەرەکەی داواکارییەکەی بۆ پێداچوونەوە بەسەر سزاکەی حەیدەر قوربانی پێشکەش بە دادگای باڵای ئێران کردووە کە لە 6ی مانگی 8دا ئەو سزایەی بەسەریدا سەپاندبوو. دەنگی ئەمەریکا بە پێی داواکاری سەرچاوەکە ناوی پارێزەرەکەی ئاشکرا نەکردووە. ئێران تۆماری هەراسانکردنی ئەو هاووڵاتیانەی هەیە کە لەگەڵ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بیانی کە بە دوژمنی دەزانێت وتووێژ دەکەن.

قوربانی لە مانگی 10 ی ساڵی 2016 لە کامیارانی کوردستانی ئێران دەستگیر کرا و تاوانبارکرا بە ڕووداوێکی توندوتیژ لە کە مانگێک پێش ئەوە لەوێ ڕوویدابوو و تیایدا 3 ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرابوون.

لە ساڵەکانی دووایدا چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند دەسەڵاتدارانی سزای مەرگیان بەسەر قوربانیدا داوە بە تاوانەکانی هاوکاری کردنی هێرشێکی چەکداری کە ئەندامەکانی سوپای پاسدارانی تێدا کوژرابوون و ئەندامێتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. لەو ماوەیەدا تۆڕی میدیایی دەوڵەتی ئێران بەرنامەیەکی ساڵی 2017 ی پەخش کرد بە ناونیشانی شوفێری مەرگ کە تیایدا قوربانی وادیارە دان بەوەدا دەنێت کە ڕێنیشاندەری ئەو ئەندامانەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووە کە دەستیان هەبووە لە کوشتنەکە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی گوتویەتی قوربانی یەکێکە لە چەندین کورد کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەهۆی ئەندامێتی یاخود گومانی پەیوەندی بە پارتە ئۆپزسیۆنە کوردەکانەوە سزادراوە. گروپەکە دەشڵێت ئەو کوردانەی کە سزای مەرگ دراون پاش " دادگاییکردنێکی نارەوا بووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی یان بە گشتی پشت بەو دانپیانانانە بەستراوە کە لە ژێر ئەشکەنجەو بەبێ هەبوونی پارێزەر وەرگیراوە."

ئەو سەرچاوەیەی قسەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کردووە دەڵێت دادگای باڵای ئێران لە 6 ی مانگی 8 دا ڕێگەی بە دەسەڵاتدارانی شاری سنەی کوردستانی ئێران دراوە سزاکە جێبەجێ بکەن. هەرچەندە، سەرچاوەکە دەڵێت بە پێی فەرمانەکە ڕێگەشی بە پارێزەرەکە داوە بۆ یەکەم جار دەستی ڕابگات بە فایلەکانی دۆسێکە.

سەرچاوەکە دەڵێت " قوربانی هەرگیز دانیبەوەدا نەناوە کە چەکی پێبووبێت یان ئەندامی حزبی دیموکراتی ئێران بووبێت." پارێزەرەکەی قوربانی بەهۆی نەبوونی بەڵگە و هەروەها دانپیانانی لە ژێر فشار داوای پێداچوونەوەی بەسەر بڕیارەکە کردووە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی سێشەممە بۆ دەنگی ئەمەریکا ناردراوە شەرارێ سادقی هاوسەری قوربانی ڕاوبۆچوونی خۆی لەسەر بێتاوانی هاوسەرەکەی دووپات کردەوەو گوتی ئەو لە دانپیانانە لە ژێر ئەشکەنجە بەدەستهاتووە.

XS
SM
MD
LG