Accessibility links

دکتۆر کاروان نانەکەلی: ئەو قەرەوێل و ئۆکسجینە مەرکەزییەی کە هەمانە تەنها بەشی 85 نەخۆش دەکات


لە هەولێر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە زیادبووندایە و چاودێرانی کەرتی تەندروستی پێشبینی دەکەن لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێژەکە زیاتر بەرزببێتەوە لە ئەگەری پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییە تەندروستییەکان بۆیە داوای سەرەکی دکتۆر و پسپۆرانی کەرتی تەندروستی لە هاووڵاتیان و توێژە جیاوازەکان ئەوەیە کە بەهەموو شێوەیەک خۆیان بپارێزن و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان ببن چونکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر کاروان نانەکەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر دەڵێت" ئێستا لە دەوروبەری هەشتا و پێنج نەخۆشمان هەیە هەموویان بە توندی و بە شێوەیەکی زۆر خراپ نەخۆشیەکەیان گرتووە، نزیکەی 30 نەخۆش زیاتر لەسەر ئەو ئامێرەیە کە بە زەخت ئۆکسجین دەداتە نەخۆشەکان."

بەپێی ڕاپۆرتەکان خەڵکێکی زۆر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن بەڵام سەردانی نەخۆشخانەکان ناکەن و لەنێو کۆمەڵگا هاتوچۆ دەکەن و تێکەڵاویان هەیە لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر دەڵێت" بەرنامەی کاری ئێمە نییە بەڵام فەرمانگەی تەندروستی هەولێر ئێستا لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدایە بە کردنەوەی نۆرینگەیەکی دەرەکی تایبەت بە کۆرۆنا لەسەنتەری فریاکەوتنی ناوەند ئەو کات دەتوانرێت زۆرترین نەخۆش ببینرێت و چارەسەریان بۆ بکرێت و ئەوانەشی کە پێویستە لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن دەتوانرێت لەوێ چارەسەر بکرێن و چاودێری بکرێن."

سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا ئەو نەخۆشخانەیە دەتوانێت پێشوازی لە چەند تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و چۆن چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت دکتۆر کاروان نانەکەلی دەڵێت " ئەو قەرەوێڵە و ئۆکسجینە مەرکەزییەی کە هەمانە و ئامادەن بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا تەنها بەشی هەشتا و پێنج نەخۆش دەکات و ئەو هەشتاو پێنج نەخۆشەشمان وەرگرتووە، ئەو دەرمانانەی کە ئێمە بە نەخۆشانی کۆرۆنا دەدەین لەسەر پرۆتۆکۆڵی WHO دەڕۆین و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانە".

لە میانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر کاروان نانەکەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ڕایگەیاند" زۆربەی ئەوانەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە خۆپاراستنیان نەبووە و ماسکیان بەکارنەهێناوە و نەخۆشیان لەماڵەوە هەبووە لێی نزیک بوونەتەوە و گرنگیان پێنەداوە و ئیهمالیان کردووە. ڕێژەی نەخۆشانی نەخۆشخانەکەیان بەرزبووەتەوە لەدووەم ڕۆژی جەژن دەستیان بە ئامادەکاری کرد و لە چوارەم ڕۆژی جەژنيش دەستیان بە وەرگرتنی نەخۆش کرد سەرەتا 25 نەخۆشیان هەبووە بەڵام ئێستا گەیشتوونەتە ئەوەی کە یەک قەرەوێڵەش لە نەخۆشخانەکەیان نەماوە و فوول بووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن خۆیان بپارێزن خۆپاراستنیش بریتیە لە بەکارهێنانی ماسک و دەست شووشتن و لەیەک دوورکەوتنەوە."

جێی باسە بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی گشتی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ١٩٣٣٥ کەس (٧٥٩٣ هەولێر، ٩٥٩٧ سلێمانی، ١٥٣٦ دهۆک، ٦٠٩ هەڵەبجە) و لەو ژمارەیەش ١٠٨٢١ کەس چاکبوونەتەوە و ڕێژەی مردنیش گەیشتووەتە ٦٩٩ کەس لەوانە (٢١٢ هەولێر ، ٤٦٤ سلێمانی ، ١١ دهۆک ، ١٢ هەڵەبجە).

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:41 0:00


XS
SM
MD
LG