Accessibility links

چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی ئێراندا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت


یەکێک لە جودا بیرە هەرە بەناوبانگە زیندانی کراوەکانی ئێران، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەر، نەسرین ستودێ دەستی کردووە بە مانگرتن لە خواردن بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەوەی فەرمانڕەوایانی کۆماری ئیسلامی ئازاد کردنی ئەو زیندانە سیاسییانەیان ڕەتکردۆتەوە کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە زیندانە خراپەکانی ئێراندان.

لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ بەشی فارسی دەنگی ڕەزا خەندان هاوسەری ستودێ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هاوسەرەکەی سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە لە زیندانی ئەوینی تاران جارێکی تر مانی لە خواردن گرتۆتەوە. ئەو لە مانگی 6 ی ساڵی 2018 وە لە زینداندایە. خەندان گوتی ستودێ کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی دیاری نەکردووە بەڵام دەشێت کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت ئەگەر هەندێک لە داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن.

ڕەزا خەندان هەروەها باسی ئەو نامەیەشی بۆ دەنگی ئەمەریکا کرد کە هاوسەرەکەی لە 11 ی مانگی 8 بۆ بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ نوسیویەتی و تیایدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە بۆچی داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی وەکو خۆی دەکات لەو گرتوخانە قەرەباڵغانەی کە لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنادان.

ستودێ نوسیویە " ڕەوشی زیندانیانی سیاسی [ لە ئێران] زۆر سەخت بووە کە مەحاڵە لەم بارودۆخە دوژوارەدا سزاکانیان تەواو بکەن."

ئێران لە مانگی سێدا دەیان هەزار زیندانی لە گرتووخانەکانیدا بە شیوەیەکی کاتیی ئازاد کرد لەو کاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە خراپی لە وڵاتەکەدا بڵاو بۆوە، بەڵام ئامادە نەبوو ئە جودابیرانە ئازاد بکات کە سزای زیاتر لە 5 ساڵ زیندانی دراون بۆ چالاکییە ئاشتیانەکانیان و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی لێیان دەڕوانێت.

لە وتووێژێکی جودای بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە پارێزەرەکەی نەسرین ستودێ، محەمەد مۆغیمی نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ ئەوەی ڕەنگە خۆسپێرەکەی بەهۆی مانگرتنەکەوە دووچاری فشاری دەروونی و تەندروستی ببێتەوە چونکە کێشەی تری تەندروستیشی هەیە.

ئەو گوتی " لەلایەکی ترەوە پێویستە ئێمە مافیش بە مانگرتووەکە بدەین کە خۆی بڕیار بدات چی دەوەێت بیکات."

پارێزەرەکەی گوتیشی " داواکارییەکانی لە جێی خۆیەتی و ڕێبەرانی ئێران دەبێت چارەسەری بکەن."

ستودێ پێشتریش لە 16 ی مانگی 3 مانی لە خواردن گرت و چەند هەفتەیەکیش بەردەوام بوو ئەو کاتەش داواکارییەکی هاوشێوەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردبوو.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە میدیای دەوڵەتی ئێران هیچ شتێکی لەسەر مانگرتنە نوێیەکەی ستودێ یان دوواین لێدوانی هاوسەرەکەی نوتووە.

XS
SM
MD
LG