Accessibility links

2 ئێرانی بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن سزا دەدرێن


دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری زیندانیکردنی دوو هاوڵاتی ئێرانی دەدات بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن بۆ ئیسرائیل و ئەڵمانیا و بەریتانیا.

ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین" ماڵپەڕی فەرمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت هەریەکێک لەو دوو هاوڵاتییە ئێرانیە بڕیاری زیندانیکردنی 10 ساڵیان لەسەر دراوە.

"میزان ئۆنلاین" لە زاری غولام حسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ناوی ئەو دوو کەسە ئاشکرا دەکات؛ مەسعود موساحب، سەرۆکی ئەنجومەنی دۆستایەتی ئێران-نەمسا وهەروەهاش شەهرام شیرخانی.

موساحب بە دزەپێکردنی زانیاری لەسەر "پڕۆژەی ناوکی و موشەکی" گوناهبارکراوە و شیرخانی بە سیخوڕایەتیکردن بۆ بەریتانیا گوناهبارکراوە و هەروەهاش بە کۆکردنەوەی زانیاری هەستیاری بوارەکانی بانک و بەرگری و هەوڵدانیش لەگەڵ فەرمانبەرانی حکومەتدا تا بیانکاتە سیخوڕ.

ئیسماعیلی لەم ماوەیەی ڕابردوودا دەستگیرکردنی 5 کارمەندی ڕاگەیاند لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و لە پیشەسازی وزە و هەروەهاش لە ژمارەیەک کۆمپانیا، بەڵام هیچ زانیارییەکی تری باس نەکرد. پێدەچێت موساحب و شیرخانی پێش ئەو راگەیاندنەی ئیسماعیلی دەستگیر کرابن.

ئێران ناوبەناو خەڵک دەستگیر دەکات و تاوانی سیخوڕایەتی کردنیان دەداتە پاڵ بۆ وڵاتانی بیانی و بەتایبەتیش بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.

لە مانگی 7دا ئێران سزای مردنی سەپاند بەسەر ڕەزا ئەسغەری، کارمەندی پێشووی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە بە تاوانی سیخوڕایەتی کردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، هەروەها مەحمود موسەوی مەجد، ئەندامی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە تاوانبار داناوە بەوەی زانیاری داوە بە ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، کە دواتر و لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵدا لە ئاکامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.

لە مانگی 6دا، ئێران سزای مردنی سەپاند بەسەر جەلال حاجی زەفار، فەرمانبەری پێشووی وەزارەتی بەرگری بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.

لە ساڵی 2016شدا تاران بڕیاری مەرگی سەپاند بەسەر زانایەکی ئەتۆمیی ئێراندا، بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا.

زۆرێک لە چالاکوانانی ئێران دەڵێن، دەسەڵاتدارانی ئێران تاوانی سیخوڕایەتیکردن دەدەنە پاڵ جودابیرانی ئێرانی.

XS
SM
MD
LG