Accessibility links

تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە دۆحە کۆدەبنەوە


تاڵیبان لە ئەفغانستان ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ دەستکردن بە وتووێژی ئاشتیانە لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەدا پاش ئازادکردنی سەدان گیراوی تاڵیبان لەوانەی بە تاوانی ترسناک گوناهبارکراون.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کردەی ئازادکردنی تاڵیبانە گیراوەکان دەستپێبکات.

ئازادکردنی 400 گیراوی تاڵیبان، بۆتە مایەی تەگەرە لەبەردەم وتووێژەکانی ئاشتی نێوان هەردوولایان کە پێشتر، حکومەت و تاڵیبانیش وابەستەیی خۆیانیان دەربڕیبوو بۆ ئازادکردنی گیراوەکان پێش ئەوەی وتووێژەکان دەستپێبکەن.

بەشێکی زۆری ئەندامانی لۆیا جەرگە کە ئەنجومەنێکی باوی ئەفغانستانە و ڕێبەری هۆز و تیرەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵاتەکە ئەندامن تیایدا و کۆبوونەوەکانی ئەم ئەنجومەنە بۆ بڕیاردانە لەسەر ئەو دۆسێیانەی مشتومڕی زۆریان لەسەرە، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی لۆیا جەرگە، بڕیاری ئازادکردنی گیراوەکان درا.

ئۆفیسی ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان دەڵێت درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە غەنی بڕیاری ئازادکردنی گیراوەکانی مۆر کردووە.

وتەبێژی تاڵیبانەکان بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "هەڵوێستمان ڕوون و ئاشکرا بووە، کە ئازادکردنی گیراوەکان تەواو بوو، ئەوا لە ماوەی یەک هەفتەدا ئامادەین بۆ وتووێژی ئاشتیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەفغانستاندا."

سوهێل شاهێن دەڵێت "گەڕی یەکەمی وتووێژەکان لە دۆحە، پایتەختی قەتەر دەبێت."

جاوید فەیسەڵ، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەفغانستان دەڵێت "لە ماوەی 2 ڕۆژدا دەستدەکرێت بە ئازاد کردنی 400 گیراوی تاڵیبان."

ئامانج لەم وتووێژانەی ئاشتی کە چەند جارێک دواخراوە، بۆ کۆتاییهێنانە بەو شەڕە بەردەوامەی نزیکەی 20 ساڵە لە ئەفغانستاندا هەیە و بۆتە مایەی کوژرانی دەیان هەزار کەس.

شاهێن دەڵێت، شاندی تاڵیبان بە سەرۆکایەتی عەباس ستانیکزای دەبێت. ستانیکزای، گەورە دانوستاندکاری تاڵیبان بوو لەو وتووێژانەی لەگەڵ واشنتۆندا کران، بەر لە مۆرکردنی ڕێککەوتنی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان.

حکومەتی ئەفغانستان تا ئێستا نزیکەی 5000 گیراوی تاڵیبانی ئازادکردووە، بەڵام دوو دڵ بووە لەوەی ئەو ژمارە گیراوە ئازاد بکات کە تاڵیبانەکان داوای کردبوو.

لە نێو ئەو گیراوانەدا، خەڵکانێک هەن کە بە کوژرانی دەیان هاوڵاتی ئەفغانی و بیانی گوناهبارکراون و 44 کەسیشیان بە دیاریکراوی جێی نیگەرانی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ترن بەهۆی ئەو ڕۆڵەی هەیانبووە لە هێرشە گەورەکاندا.

ئەم پەرەسەندنانە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە بەلقیس ڕەوشەن، یاسادانەری ئەفغانی و چالاکوانی ناوداری مافەکانی ژنان، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دژی ئازادکردنی تاڵیبانەکان بووە و ڕۆژی یەکشەممەش لە دەرەوەی کۆبوونەوەکەی لۆیا جەرگە، دروشمێکی بەرز کردبووەوە و تیایدا نوسرابوو "لێخۆشبوون لە تاڵیبان، خیانەتێکی نیشتمانییە."

XS
SM
MD
LG