Accessibility links

سەرۆکی لوبنان دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتی وڵاتەکەی پەسەنددەکات


خۆپیشاندانی دژە حکومەت لە بەیروت
خۆپیشاندانی دژە حکومەت لە بەیروت

میشێل عەون سەرۆکی لوبنان دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتی وڵاتەکەی پەسەندکرد، بەڵام داوایکرد بەردەوامبێت لە ڕاییکردنی کارەکانی وڵاتەکە هەتا حکومەتێکی نوێ پـێکدەهێنرێت.

حەسان دیاب سەرۆک وەزیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی بە فەرمی ڕاگەیاند و گوتی گەندەڵی سەرتاپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

وەزیری تەندروستی لوبنان دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی بەهۆی تەقینەوە وێرانکارەکی هەفتەی ڕابردووی بەندەری بەیروتەوە دەستی لە کار کێشاوەتەوە.

حەمەد حەسەن، لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بۆ پەیامنێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتی لوبنان لەژێر فشاردا بووە و هەروەها پاش دەستر لە کارکێشانەوەی ژمارەیەک وەزیر و خواستی ژمارەیەک وەزیری تریش بووە بۆ دەست لە کار کێشانەوە.

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەرانی لوبنان و هێزە ئاسایشییەکاندا ڕوویاندا و هێزە ئاسایشییەکان گازی فرمێسک ڕژێنیان بەکارهێنا بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران.

حەمەد حەسەن دەڵێت لە ئێستادا تەواوی حکومەت دەستی لەکار کێشایەوە و حەسان دیاب دەڕوات بۆ کۆشکی کۆماری تا دەست لە کار کێشانەوەکە بە ناوی سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتەکەیەوە بخاتە بەردەم سەرۆکی کۆمار.

تەقینەوەکەی ڕۆژی 4ی مانگی هەشت، بووە مایەی وێران بوونی بەندەری بەیروت و هەروەهاش وێران بوونی بەشێکی زۆری شارەکەش. ئەم تەقینەوەیە شەپۆلێکی نوێی توڕەیی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێنا دژی توێژی فەرمانڕەوایانی لوبنان و هەروەها دژی حکومەتیش.

چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ دووشەممە، حەسان دیاب وتارێک پێشکەش بە گەلی لوبنان بکات، کە تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت، حکومەتەکەی دیاب وەک حکومەتێکی کار بەڕێکەر دەمێنێتەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، نزیکەی 20 کەس لەسەر ئەو ڕووداوی تەقینەوەیە دەستگیرکراون، لەوانە بەڕێوبەری دامەزراوەی گومرگی لوبنان و بەڕێوبەری پێشتریش و هەروەها سەرۆکی دامەزراوەی بەندەری بەیروتیش یەکێکە لەوانەی دەستگیر کراوە، وەک بەرپرسانی حکومەت دەڵێن پرسیار و وەڵام لەگەڵ دەیان کەسدا کراوە کە دووانیان پێشتر وەزیر بوون لە حکومەتەکانی لوبناندا.

ڕێبەرانی وڵاتانی جیهان پەیمانی دابینکردنی کۆمەکی مرۆییان داوە بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ لوبنان، بەڵام ئاگاهییان داوە لەوەی هیچ بڕە پارەیەک نانێردرێت بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی بەیروت ئەگەر بێتوو دەسەڵاتدارانی لوبنان وابەستەی داواکانی خەڵک نەبێت بۆ چاکسازی سیاسی و ئابوری لە وڵاتەکەدا.

هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران، نیگەرانییەکانی خۆی نەشاردۆتەوە لەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا، توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی لوبنان بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی سیاسی.
ئێران پشتیوانی لە حزبوڵای لوبنان دەکات کە لەگەڵ دۆستەکانیدا باڵیان کێشاوە بەسەر حکومەت و پەرلەمانی لوبناندا.

XS
SM
MD
LG