Accessibility links

ژەنەراڵ ئەعیاد تۆفان: داعشی ئێستا بە چەکی ئێرانی شەڕ دەکات


جموجۆڵەکانی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بەتایبەتیش لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراقدا هەروادێ و زیاتر دەبن لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە و تکریت و موسڵ و هەروەها کەرکوکیش.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان بۆ زیاد بوونی هێرش و جموجۆڵەکانی داعش بگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراقدا کە وەک دەگوترێت کاریگەریشی کردۆتە سەر چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییەکانی داعش. ئەمە بێ لەوەی هۆکاری سیاسیش هەن بۆ مانەوەی مەترسییەکانی داعش و ڕێکخراوە هاوشێوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقدا.

ژەنەراڵ ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕی ئاسایشی و ستراتیژی دەڵێت ڕاستییەک هەیە نابێت لەبیرمان بچێت، داعشی ئەوسا و ئێستا جیاوازن، وەک دەڵێت "داعش ئێستا شێوازی جیاواز بەکاردەهێنێت لە شەڕەکاندا و لەسەر بنچینەی دەستە و تاقمی بچوک بچوک کاردەکات و هێرشەکانی خۆی ئەنجام دەدات و تەنانەت بۆ کشانەوەکانیشی لە شوێنی شەڕەکان، پشت دەبەستێت بە زانیاری وردی هەواڵگری کە بە شێوەیەکی بەرچاو کاری لەسەر دەکات و هەروەهاش بە پشتبەستن بەوانەش کە سەر بە داعشن یان هاوسۆزی داعشن لەو ناوچانەدا، یانیش ئەوانەی لەناو هێزە ئاسایشییەکانی عێراقدا کار دەکەن."

ژەنەراڵ ئەعیاد تۆفان، کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆراشە لە زانستە سیاسییەکاندا، داوا دەکات حکومەتی عێراق جارێکی تر بە سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆیدا بچێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی داعش، دەڵێت "سەرکردە مەیدانییەکانی لەشکر و هێزە ئاسایشییەکان پلان و بەرنامەڕێژییان نییە بۆ پارێزگاریکردن لەو ناوچانەی لە داعش پاک دەکرێنەوە، نەبوونی لێپێچینەوە هۆکارێکی ترە و لە ساڵی 2014وە تا ئێستا هیچ کەسێک یان سەرکردەیەکی لەشکریی بەرپرسیار نەکراوە بەرامبەر هەر شکستێکی لەم شەڕەدا ڕوویدابێت."

ئەگەرچی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر زۆرن، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایشی عێراق، لە ئێستادا تێگەیشتنی هاوبەش دروست بووە و وەک دەگوترێت لیژنەی هاوبەشیش پێکهێنراون بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەروەهاش بۆ ڕێگەگرتن لە دزەکردنی تێرۆریستان لە ناوچە سنورییەکان.

ژەنەراڵ ئەعیاد دەڵێت " هەر ڕێکخستنێک لە نێوان هێزەکانی حکومەتی نێوەندی و هێزەکانی هەرێمدا، بە تایبەتیش لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، گرنگی خۆی هەیە چونکە داعش مۆڵگای خۆی لەو ناوچانەدا هەیە."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ژەنەراڵ ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕی ئاسایشی و ستراتیژی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:31 0:00


XS
SM
MD
LG