Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی یۆنان کۆدەبێتەوە


سەرەک وەزیری یۆنان کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات پاش ڕاگەیاندنەکەی تورکیا سەبارەت بە ناردنی کەشتییەک بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە مەبەستی گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا.

ئەو ناوچەیەی تورکیا کەشتییەکەی بۆ ناردووە دەکەوێتە نێوان قوبرس و یۆنانەوە.

بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی یۆنان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بکرێت کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری وڵاتەکەش بەشداری تیادا دەکەن.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی تورکیا کەشتی ئۆرۆتش ڕەئیس و دوو کەشتی یاریدەدەریشی لە ڕۆژی دووشەممەوە تا 23ی ئەم مانگی هەشتە دەست بەو گەڕانە دەکەن.

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێت کەشتی ئۆرۆتش ڕەئیس گەیشتۆتە ئەو ناوچەیەی بۆی دیارکراوە. فاتح دونماز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت 83 ملیۆن کەس پشتیوانی ئۆرۆتۆش ڕەئیس دەکەن، وەک ئاماژەیەک بە سەرجەم دانیشتوانی تورکیا.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیەدا بەرزبوونەوە بەهۆی مافی گەڕان لە دەریادا بە شوێن سوتەمەنی و هەروەها بەهۆی کێشەی سنورە ئاویەکانەوە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا تورکیا ڕایگەیاند کردەی گەڕانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا هەڵدەپەسێرێت و ئەم هەڵپەساردنەشی بە بەڵگەی هەنگاوێک ناودێر کرد کە ڕەوشەکە ئارام دەکاتەوە.

بەڵام ئانکەرە لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەخنە و ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر ڕێککەوتنێکی نێوان یۆنان و میسر بۆ دیاریکردنی سنوری ئاوی نێوان هەردوو وڵات و هەروەهاش مافی گەڕان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

ساڵی ڕابردووش تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ حکومەتی لیبیادا مۆر کرد، ئەم ڕێککەوتنەش بووە مایەی ناڕەزایی یۆنان و قوبرس و میسر وە بە پێشێلکردنی مافە ئابوریەکانیان لە دەریای ناوەڕاستدا ناودێریان کرد.

یەکێتی ئەوروپاش ئاگاهیداوە بەوەی ئەو ڕێککەوتنەی ئانکەرە و تەرابلوس، پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە و مەترسیشە بۆ سەر سەقامگیری لەو ناوچەیەی جیهاندا.

XS
SM
MD
LG