Accessibility links

ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و ئامادەبوونی لایەنی سێهەم


بڕيارە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی لەسەر چەند پرسێکی چارەنوسسازی نێوان هەردوولا، بەپێی زانیاری سەرچاوەکان گرنگترین ئەو پرسانەش بابەتی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا سەبارەت بە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و دەروازە سنوریەکان و گومرک و میزانیە، هەردوولا گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و حکومەتی ناوەندیش بڕە پارەیەک بە هەرێمی کوردستان بدات، بەشێوەیەکی گشتی گەیشتونەتە بنەمای لێکتێگەیشتن و پێویستە بەردەوامی بەو دانوستانانە بدرێت تا دەگەن بە خاڵی کۆتایی".

ڤیان سەبری گوتیشی" زۆر گرنگە کە میزانیەی هەرێمی کوردستان هەموو جارێک لەژێر فشاری مەزاجی سیاسی حکومەتی عێراق نەبێت و پێویستە بگەن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و دادپەروەرانە کە سەقامگیری هەردوو حکومەتی تێدا بێت لەسەر بنەمای دەستور و دادپەروەری".

ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت لایەنی سێهەم لە ناو ئەو ڕێککەوتنە ئامادە دەبێت ؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە گووتی" گرنکە لایەنی سێهەم هەبێت بیستومانە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێلن و ئەوانیش فاکتەرێکی یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنامەیەکی کۆتایی لە نێوان هەردوو حکومەت، بنەمای دەستور دەبێت حاکم بێت نەک بنەمای هێزو مەزاجی سیاسی، تا ئێستا حکومەتی ناوەندی موازنەی نەهێناوە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران لەکاتێکدا ساڵی 2020 خەریکە وا کۆتایی پێ دێت".

لە کۆتایی وتووێژەکەدا دکتۆر ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت" پێویستە حکومەتی ناوەندی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بناردایە بەڵام ئەم بابەتە زۆر جار دەبەسترێتەوە بە مەزاجی سیاسی و وردەکاری و بابەتی تر کە تا ئێستا هەردوو حکومەت نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنامەی کۆتایی، هیوادارین بگەن بە ڕێککەوتنامەیەکی کۆتایی و دادپەروەرانە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش حکومەتێکی فیدرالیە و لەناو دەستوردا مافی دیاریکراوە و فەرمانبەرەکانیشی مافی خۆیان هەیە وەکو هەموو فەرمانبەرانی تری عێراق و پێویستە حکومەتی ناوەندیش نیەتێکی جدی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و بە هەڵواسراوی نەمێنێتەوە وەکو وەرەقەکی فشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:54 0:00


XS
SM
MD
LG