Accessibility links

سەرۆک ترامپ بڕیاری سەرۆکایەتی لەسەر هاوکاری بۆ هاتنەوە سەرخۆی ئابوری دەدات


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە بڕیارێکی دا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هاوکاری بێکاران بۆ ئەو دەیان ملیۆن ئەمەریکاییەی لە میانەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کارەکانیان لەدەستداوە و هەروەها بۆ دووا خستنی باج، ئەمەش پاش ئەوەی وتووێژەکان لەگەڵ کۆنگرێس بۆ پاکێجێکی هاوکاری ئابوری شکستی هێنا.

لە کاتێکدا حاڵەتەکانی توش بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە لە ئەمەریکا دەگەتە پێنج ملیۆن کەس و 162 هەزار کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، ڕۆژی شەممە سەرۆک ترامپ بڕیاری دا هەفتانە 400 دۆلار بدرێت بەو کەسانەی کە کاریان نییە ئەمەش یەک لەسەر سێی کەمترە لەو 600 دۆلارەی لە ماوەی 20 هەفتەی ڕابوردوو دا دەدرا بەو کەسانەی کە کارەکانیان لەدەستدابوو. کۆنگرێس ئەو بڕە هاوکارییەی لە 1 ی مانگی 8 وە بڕی و وتووێژەکان بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە ڕۆژی هەینی شکستی هێنا لە کاتێکدا کۆشکی سپی و دیموکراتەکان جیاوازی زۆریان هەبوو لەسەر هاوکارییەکان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە.

لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە شوێنێکی تایبەتی خۆی لە نیوجێرسی سەرۆک ترامپ سەبارەت بەو بڕەی کە کەمترە لەوەی پێشو گوتی " ئەمە ئەو پارەیەیە کە پێویستیانە، ئەو بڕەیە کە دەیانەوێت، ئەمە وایان لێدەکات هۆکارێکیان هەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر کار."

سەرۆک گوتی لە سەدا 25 ی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ویلایەتەکانەوە دەدرێت، کە بودجەی ئەوانیش بەهۆی قەیرانەکەوە زیانی پێگەیشتووە. سەرۆک هەوڵ دەدات 44 ملیۆن دۆلاری کە پێشتر پەسەند کرابوو بخاتە لاوە بۆ هاوکاری ویلایەتەکان بۆ هاوکاری کردنی زیاتری ئەوانەی کاریان لەدەستداوە، بەڵام ئەمەش دەکەوێتە سەر ویلایەتەکان بڕیار لە چۆنییەتی و بڕی هاوکارییەکە بدەن. هاوکارییەکەی کە لە ماوەی ڕابوردوودا بۆ بێکاران تەرخان کرابوو هەموی لەلایەن حکومەتی فیراڵەوە دەدرا.

سیناتۆر ڕان ویدن نوێنەری ئۆریگن /یەکێک لە دیموکراتە باڵاکانی کۆمیتەی دارایی سینات
سیناتۆر ڕان ویدن نوێنەری ئۆریگن /یەکێک لە دیموکراتە باڵاکانی کۆمیتەی دارایی سینات

سیناتۆر ڕان ویدن نوێنەری ئۆریگن کە یەکێکە لە دیموکراتە باڵاکانی کۆمیتەی دارایی سینات دەڵێت " دانۆڵد ترامپ هەوڵ دەدات سەرنج لەسەر شکستەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی 600 دۆلار هاوکارییەکەی فیدراڵی بۆ 30 ملیۆن کەسی بێکار لابدات بە ڕاگەیاندنی بڕیارە سەرۆکایەتییە نایاساییەکانی."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەروەها باجی ئەو کەسانەش ڕادەگرێت کە لە ماوەی ساڵەکەدا داهاتیان لە 100 هەزار دۆلار کەمترە. ویدن لەسەر ئەمەش دەڵێت "ئەم باج کەمکردنەوە ساختەیەش دەبێتە شۆکێکی گەورە بۆ کارمەندەکانی کە هەستیان دەکرد باجیان کەم دەکرێتەوە" ئەو دەڵێت " کارمەندەکان لە داهاتوودا دەبێت پارەیەکی زۆر زیاتر بدەن."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەری
سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەری

لە کۆتایشدا سەرۆک گوتی بڕیاری پاراستنی کرێچییەکان لە دەرکردن درێژدەکاتەوە و ماوەی ڕاگرتنی دانەوەی قەرزی خوێندنیش بۆ خوێندکارەکان درێژدەکاتەوە و هیچ قازانجێک دانانێت لەسەر ئەو قەرزانەی لە بانکی فیدراڵی کراوە بۆ خوێندن.

جۆ بایدن کاندیدی چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی
جۆ بایدن کاندیدی چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی


کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان جۆ بایدن ئەم بڕیارانەی بە " بە زنجیرەیەک بڕیاری نیوەچڵ" لەقەڵەمداو دانۆڵد ترامپی بەوە تاوانبار کرد کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە " مەترسییەکی گەورەوە" بە دوواخستنی باجی موچە کە بەو باجانە پارەی ئەو بەرنامەیە دەدرێت.

بەڵام ڕێبەری زۆرینە لە سینات مچ مککانەڵ لە بەیاننامەیەکی ڕۆژی شەممەدا گوتی " ئەمەریکاییەکانی کە بە زەحمەتیدا تێدەپەڕن ئەمڕۆ پێویستان بە کردارێکە. لە کاتێکدا دیموکراتەکان زیانیان بە وتووێژەکان گەیاند بە داواکارییە نامەنتقییەکانیان کە هاوکاری ئەو خەڵکەی نەدەکرد کە کاردەکەن، من پشتیوانی لە سەرۆک ترامپ دەکەم بۆ دۆزینەوەی بژارەکانی تا هاوکاری بێکاران و پشتیوانییەکانی تر بگات بەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە مایەنی مشتومڕێکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ مچ مککانەڵ ڕێبەری زۆرینەی سینات، کۆماری نوێنەری کەنتاکی
سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە مایەنی مشتومڕێکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ مچ مککانەڵ ڕێبەری زۆرینەی سینات، کۆماری نوێنەری کەنتاکی

وتووێژەکانی نێوان دیموکراتە باڵاکانی کۆنگرێس و کۆشکی سپی پاش نزیکەی دوو هەفتە گەیشتە بنبەست لە کاتێکدا جیاوازی نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلار لە نێوانیان هەبوو.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پلۆسی و ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات چاک شومەر پێشنیازی کەمکردنەوەی 3 ترلیۆن و 4 سەد ملیۆن دۆلاریان لە پاکێجی هاوکارییەکە کرد کە ئەمەش نزیکەی یەک لەسەر سێ دەبوو ئەگەر کۆمارییەکان ئەو ترلیۆنەی کە پێشنیازی زیادکردنیان کردبوو دوو هێند بکردایە. ئەو پاکجە یەک ترلیۆنییە لەلایەن نزیکەی 20 لە 54 ئەندامەکەی کۆمارییەکان لە سیناتدا دژایەتی کرا.

نانسی پلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و چاک شومەر ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات
نانسی پلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و چاک شومەر ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات

پلۆسی و شومەر ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند " ڕاگەیاندنە گرنگەکەی ئەـڕۆی سەرۆک ئەوە نیشان دەدات سەرۆک ترامپ هێشتا لە گرنگی یان پێویستی بەپەلەی ئەو قیرانە تەندروستی و ئابورییە نەگەیشتووە کە ڕوبەڕووی خازانەکانی چینی کارکەر بۆتەوە."

ئەوان گوتیشیان " ئەم ڕاگەیاندنەکانی ئەم ڕێبازانە هاوکارییەکی زۆر کەم دەبەخشیت بە خێزانەکان... هەروەها ئەم ڕاگەیاندنانە هیچ کارێک ناکەن بۆ زیادکردنی تاقیکردنەوەکان، هیچ ناکەن بۆ کردنەوەی خوێندنگاکان، هیچ ناکەن بۆ دابین کردنی خۆراک بۆ خێزانە برسییەکان، هیچ ناکەن بۆ ئەو قارەمانانەی لە سەرانسەری وڵاتدا کاریان لەدەستداوە، هیچ شتێکی تیا نییە بۆ خزمەتگوزاری پۆستەو گەیاندن و ڕاستی و دروستی هەڵبژاردنەکانمان، هیچی تیا نییە بۆ زۆر پێداویستی گرنگی خەڵی ئەمەریکا."

شکستهێنانی وتووێژەکان لە نێوان کۆشکی سپی و دیموکراتەکانی کۆنگریس بەتایبەتی گرفتی خوێندنگاکان زیاد دەکات کە پشتیان بە ملیاران دۆلاری هاوکاری واشنتن بەستبوو بۆ خەرجییەکانی کردنەوەیان. چەندین بابەتی تریش هەبووە لە بڕیارەکانی ڕۆژی شەممەی سەرۆک ترامپدا باس نەکراون لەوانەشدا خولێکی تری 1200 دۆلاری هاوکاری فێدراڵ بۆ زۆربەی خەڵکی ئەمەریکا، هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پۆستەو گەیاندن و بڕێک پارە بۆ هاوکاریکردنی ویلایەتەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی مانگی 11.

چوار یاسای دەربازبوون لە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە نزیکەی بڕی 3 ترلیۆن دۆلارە لەلایەن هەردوو پارتییەوە پەسەند کراوە، بەڵام پارێزکاران لە شیانی ڕێککەوتنێکی تر کە قەرزێکی زۆری دەخستە سەر ئابوری کشانەوە.

XS
SM
MD
LG