Accessibility links

کاردانەوە سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ڕووداوی نەخۆشخانەی ڕزگاری


لە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ڕووداوی چەند ڕۆژی ڕابردووی نەخۆشخانەی ڕزگاریدا هاتووە هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە گیانی لەدەست نەداوە بەڵام بە پێی گوتەی کەسوکاری قوربانیان چەند کەسێک لە نێو ئەو نەخۆشخانەیە بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو ڕاپۆرتەی لیژنەی لێکۆڵینەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، چالاکوانێکی بواری تەندروستی پێی وایە ئەگەر کەموکورتی نەبێت چۆن ڕێگە دەدرێت خەڵک لە بازاڕەوە ئۆکسجین بهێنێتە نێو نەخۆشخانە، ئەو ڕاپۆرتە گومان لەسەر کەرتی تەندروستی دروست دەکات چونکە کەسوکاری قوربانیان دەڵێن بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە بووە.

دکتۆر ئیزا نەوزاد پسپۆری نەخۆشیەکانی دڵ و هەناو لە نەخۆشخانەی ڕزگاریەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " پێداویستی پزیشکی بەگوێرەی پێویست نییە و ترسێکی زۆر هەیە و پێویستمان بە جیهاز هەیە و پێویستە ئۆکسجینیش بەردەوام هەبێت، بەگشتی ئێستا بارودۆخەکە باشە، بەڵام زۆر لە دکتۆرەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و هەندێکیان چاکبوونەتەوە و هەندێکیان گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئیشەی کە ئێمە دەیکەین چاودێری چڕە و پیویستە لە هەولێر چوارسەد قەرەوێلەی چاودێری چڕ هەبێت بەڵام لە حکومیەکان ناگاتە 25 و لە تایبەتەکان ناگاتە 80 قەڕەوێڵە، بەگشتی پێداویستی کەمە و خزمەتەکە وەک پێشتر نییە".

هیوا سەید سەلیم چالاکی تەندروستی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ناکرێت پەردەپۆشی ئەوە بکرێت بەو مانایەی کە بشاردرێتەوە بەداخەوە لیژنەکان لە کوردستان هیچی ئەو لیژنانە نەبوون کە لە ئاست بەرپرسیاریەتی ئەو کەرتانە بن، لە ڕاپۆرتی لیژنەکەدا ئەوەندەی ڕەخنە لە میدیا دەگیرێت پەنجەیان لەسەر کەموکورتیەکە دانەنراوە، کەسوکاری قوربانیەکان قسەیان کرد، پیاوێک قسە دەکات دەڵێت خێزانەکەی لە دەستداوە خەڵک دەڵێت کەسوکارم لەدەستداوە لەبەر ئەوەی ئەوکات ئۆکسجین نەگەیشتە نەخۆشخانە، لە ڕاپۆرتەکەشدا ناراستەوخۆ باسی ئـەوە دەکرێت کە دوو سەعات ئۆکسجین نەگەیشتە نەخۆشەکان، باشە ئەو کەسانە بەچی مردوون لەکاتێکدا دەڵێن دوو سەعات ئۆکسجین نەگەیشتە ئەوێ بەڵام کەس لەو کاتەدا نەمردووە، خەڵک بەزاری خۆی دەڵێت خێزانم لەدەستداوە ئەگەر کەموکورتی نەبێت چۆن خەڵک لە بازاڕ ئۆکسجین دەهێنێت بۆ نەخۆشخانە".

دوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلینەوە و بەدواداچوون لە ڕووداوی ڕۆژی 30-7 ی نەخۆشخانەی ڕزگاری پاش هەفتەیەک ئەنجامەکەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرد لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیاندا هاتووە دوای لیکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد دەرکەوت ئەو نەخۆشانەی کە گیانیان لەدەستداوە ئۆکسجینیان لێ نەبڕاوە و کێشەی بێ ئۆکسجینیان نەبووە و پێش ئەو ڕووداوە دۆخی تەندروستیان بەهۆی توندی نەخۆشیەکەیان ناجێگیربووە، هەروەها لیژنەکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە گەیشتە چەند کەمو کورییەکی کارگێڕی و کەمتەرخەمی دەوامی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکە و کەموکوڕی لە گرێبەستی دابینکردنی ئۆکسجینی شل.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان ئەحمەد زێباری

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:17 0:00


XS
SM
MD
LG