Accessibility links

کاردانەوەکان سەبارەت بە کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و کەسایەتی کورد جەلیل گادانی


کەسایەتی و سیاسەتمەداری کورد جەلیل گادانی دوای 75 ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و زیندانیکردن لە پێناو گەلەکەی، دواجار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گیان لەدەستدەدات و خەڵکێکی زۆر دڵگرانی خۆیان بەهۆی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتیە دەربڕی.

مستەفا مەولودی جێگری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بەداخەوە گیان لەدەستدانەکەی زیانێکی گەورەی بە کورد و حزبی دیموکرات و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی گەیاند، لە تەمەنی سێزدە ساڵیەوە جەلیل گادانی واردی شۆڕش و خەبات وتێکوشان بووە هەر ئەوەش جەلیل گادانی کردبووە کەسایەتیەکی دیار و ناسراو و کاریگەر لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و کەلتوری و دبلوماسیدا، هەندێک تایبەتمەندی لە کاک جەلیلدا هەبووە کە زۆرکەم لە کەسانیتردا هەیە ئەویش خاکەڕایی و سادەیی، نامەوێ بڵێم جێگای پڕنابێتەوە بەڵام بەراستی کەسایەتی وەک کاک جەلیل دروست نابێتەوە کە ئەو هەموو تایبەتمەندیانەی تێدا کۆببێتەوە هەم خەباتکار و تێکۆشەر و بە هێزبێت و هەم ئاگای لە هەموو شتێک هەبێت".

گلارا گادانی کچی سیاسەتمەدار جەلیل گادانی لەبارەی کۆچی دوایی باوکی بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" هەرچەند باسی ئەو زیانە بکەم کۆتایی نایەت خەمێکی ئەوەندە گەورەیە نەک تەنها بۆ من و خانەوادەکەی بەڵکو بۆ هەموو گەل و کەسێک کە دڵسوزی کوردایەتیە باوکم سوێندی خواردبوو بەهیچ شێوەیەک واز لە کورد و کوردستان نەهێنێت بۆیە باوکم وڵاتی بەجێنەدەهێشت ئەوە سوێندی گەورەی ئەوبوو تەنانەت لە نەخۆشخانەش گوتی من دەبێت سوێندەکەم بە ئاوات بگەیەنم".

نووسەران و مێژوونووسان و سیاسەتمەداران کۆچی سیاسەتمەدار و کەسایەتی کوردستانی ئێران جەلیل گادانی بە زیانێکی گەورە بۆ گەلەکەیان لە قەڵەم دەدەن.

موسەدەق توڤی نووسەر و مێژوونوس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کەسانی وەک گادانی مێژوویەکی زیندوو بوون و پێویست بوو پێش لەدەستدانیان دەیان دیداری ڕۆژنامەوانیان لەگەڵدا هەبوایە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕۆلی خۆیان لە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد و سەد ساڵیبیستەمدا تێپەڕکردووە ئەوان خۆیان دیرۆکن و دەبوایە نوسرابان بەڵام ڕۆیشت پێویستە لە ئێستادا گرنگیەکی باش بە کەسایەتی وەک ئەوان بدرێت جەلیل گادانی ڕۆلێکی قارەمانانە لە خەباتی نەتەوەییدا بینیوە و وەک کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و نووسەر خۆی ناساندووە هەر کاتێک دەرفەتی هەبووە سەرقاڵی نوسینی بەرهەمی دیرۆکی و وەرگێران بووە و چەند پەڕتوکیشی هەیە و بە زمانی فەرەنسیش چەند پەرتوکی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی، بەڵام هێشتا چەند کەسایەتییەکی وەک گادانی لە ژیاندا ماون پێویستە گرنگیەکی تایبەتییان پێ بدرێت بەڵام بەداخەوە لە لایەن ناوەندەکانی ڕۆشنبیری ئێمە ئەو گرنگیە بە کەسایەتی دیرۆکی نادرێت.

لە لایەکی ترەوە دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دۆستی ئێمە بوو لە کۆنەوە دەمناسی زیاتر لە پازدە ساڵ لە بەندیخانەی شا بوو، پاشان لە شاخ و شار و دەرەوە و پاریس و هەموو شوێنێک بینیومە خەباتی خۆی کردووە و پیاویکی تێکۆشەر و ماندونەناس و گرنگ بوو لە خەباتی ڕۆژهەڵات، زۆر جێی داخە کە بە کۆرۆنا ڕۆیشت بە بڕوای من زیانێک بوو بۆ بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و نەتەوەی کورد بە گشتی، هەمیشە مرۆڤێکی باش بووە و لایەنگیری نەکردووە لە ناکۆکیەکاندا و وەبیرم دێتەوە هەر جارێک کە سەردانی ئەوانم کردبێت ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە داوای یەکگرتنەوەی دوو دیموکراتەکانی دەکرد کەسێکی ئاشتیخواز بوو دەبێت ئەو جۆرە کەسانە رێزی زیاتریان لێبگیرێت، داوا دەکەم ئەو دوو باڵەی دیموکرات یەکبگرنەوە چونکە ناکۆکی زۆر لە بەرنامەیاندا نیە و زۆر خراپە ئەو حزبایەتیە، چەند یەکگرتوو بن باشترە چونکە ئێران رەحم بە هیچ کام لەوانە ناکات بە موشەک و هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەریان.

کۆچی دوایی جەلیل گادانی کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەک سەبارەت بە کۆچی دوایی کەسایەتی جەلیل گادانی ئاراستەی کەسوکار و خەڵک بە گشتی دەکات و دەڵێت"بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی تێکۆشەری دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستا جەلیل گادانیم بیست".

جێی باسە جەلیل گادانی لە ساڵی 1934 لە شاری مهابادی کوردستانی ئێران لەدایکبووە دوای تەمەنێکی زۆر لە پێشمەرگایەتی و خەبات وتێکۆشان و پەنابەرێتی دواجار لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و بە ئامادەبوونی کەس و کار و دۆست و چین وتوێژی جیاجیا لە گۆڕستانی کۆیەی سەر بە شاری هەولێر بەخاک دەسپێرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:24 0:00


XS
SM
MD
LG