Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق


لەوەتای پۆستی سەرەک وەزیریی لە عێراقدا وەرگرتووە، موستەفا ئەلکازمی جموجۆڵێکی ناوازەی لە عێراقدا دروستکردووە، بە ئەندازەیەک کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی عێراقی گرەوی خۆیانی لەسەر دەکەن و هیواکانی خۆیانیان لەسەر هەڵدەچنن.

بێگومان ئەمە کارێکی ئاسان نییە بۆ سەرەک وەزیرێک کە بە ژمارە لە بواری سیاسیدا نەیارەکانی زۆرتربن لە دۆست و هاوپەیمانەکانی تا بکەوێتە ململانێکردن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەوەی لە 17 ساڵی ڕابردووی عێراقدا وەک دەگوترێت وڵاتەکەی بەرەو لێوارەکانی داڕمان دەبرد.

کازمی ژمارەیەک پەیمانی داوە بە عێراقییەکان، یەکێکیان کردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، کە داوایەکی سەرەکی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی 3 ی مانگی 6ی ساڵی 2021 ی دیارکردووە وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

لەو وتارەیدا کە ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختی تیادا دەستنیشان کرد، سەرەک وەزیری عێراق، داوای لە ڕوناکبیران و لاوانی عێراق کرد تا لە ڕووی سیاسییەوە خۆیان ڕێکبخەن؛ ئەگەر گۆڕانکارییان لە ڕەوشی وڵاتەکەدا دەوێت و پێیان دەڵێت "خواستی ئازادانەی ئێوە عێراق دەکاتە عێراقێکی هیوابەخش."


میوانی بەرنامە:

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنی ئایندە.

یونامی، پێشوازی لەم بڕیارەی کازمی کرد و دەشڵێت "ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا و متمانەپێکراو، دەتوانێت سیستەمی سیاسی لە عێراقدا ببوژێنێتەوە و هەروەها متمانەی خەڵکیش دروست بکات."

بەڵام لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا لایەنە سیاسییەکان لە عێراقدا پشتیوانی لەم هەنگاوەی کازمی دەکەن؟

هەر لە ئێستاوە بەشێکی بەرچاوی لایەنەکان کەوتوونەتە ئاماژە کردن بەوەی ئەم هەنگاوەی کازمی پشتیوانی یاسایی و دەستوری لەگەڵدا نییە. بەشێکی تریش دەڵێن دەبوایە پەرلەمان هەڵبوەشایەتەوە ئەوجا ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاربکرایە، یان وەک دەڵێن دەبوایە یاسای هەڵبژاردن بە تەواوەتی پەسەند بکرایە.

هەرچۆنێک بێت، جارێکی تریش دابەشبوونێکی بەرچاو دەبینرێت لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا، خەڵک بە گشتی کەوتۆتە بەرەیەکەوە کە داوای گۆڕینێکی تەواوەتی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دەکات و لایەنە سیاسییەکانی لە ساڵی 2005ەوە فەرمانڕەوای وڵاتەکەن و جومگە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەیان بە دەستەوەیە، لە بەرەیەکی تردان.

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان یاسای نوێی هەڵبژاردن دەبێتە گۆڕانکارییەکی گەورە لەو هاوکێشە سیاسیانەی پێشوو هەبوون، وەک دەڵێن لە دوای 2021ەوە ئەوەی لە 15 ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەو لایەنە سیاسیانە هەڵدەسوڕا، ئا بەو شێوەیە نامێنێتەوە.

ئایا هەڵبژاردنی پێشوەخت چارەسەری کێشەکانی عێراق دەکات؟

ئایا پەتای کۆرۆنا و سەڕی دژی داعش، دەبنە تەگەرە لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراقدا؟

ئایا گرفتە سەرەکییەکان لەبەردەم یەکلابوونەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراقدا چین؟

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:45 0:00
XS
SM
MD
LG