Accessibility links

ماکرۆن یەکەم سەرۆکی وڵاتێکە بگاتە بەیروت


سەرۆکی فەڕەنسا لە شوێنی تەقینەوەی بەیروتەوە ڕایدەگەیەنێت هەوڵی یارمەتییەکی نێونەتەوەیی دەدات بۆ لوبنان پاش ئەو زیانە زۆرانەی لە لوبنان کەوتووە لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیە.

نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ئیمانوێل ماکرۆن گەیشتە بەیروت و لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە هەردوو زمانی فەڕەنسی و عەرەبی نوسیویە "لوبنان بە تەنیا نییە."

میشال عۆن، سەرۆکی لوبنان لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق ئەلحەریری پێشوازی لە ماکرۆن کرد، کە یەکەم سەرۆکی وڵاتێکە دوای کارەساتەکەی ڕۆژی سێشەممە سەردانی لوبنان بکات.

لەو تەقینەوە کارەساتاویەدا، بەلانیکەم 137 کەس کوژراون و نزیکەی 5 هەزار کەسیش برینداربوون.

ژمارەیەک وڵات، لەوانە فەڕەنسا تیمی فریاگوزارییان ناردووە بۆ لوبنان بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی ئەو وڵاتە پاش ئەو تەقینەوەیە کە زیانێکی زۆری لە ناوچە دوورەکانی بەیروتی پایتەختیش داوە.

دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن، تەقینەوەکە لە عەمارێکدا ڕوویداوە کە 2750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تیادا هەڵگیرابوو.

هاوکاتی سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ شوێنی تەقینەوەکە، یەکێک لە ئەفسەرەکانی تیمەکانی فریاگوزاری فەڕەنسا بە ئیمانوێل ماکرۆنی ڕاگەیاندووە، هێشتاش هیوا هەیە بۆ دۆزینەوەی خەڵکی تری زیندوو لەناو داروپەردووی پاش تەقینەوەکە.

ئەم تەقینەوەیەی ڕۆژی سێشەممەی بەیروت لەکاتێکدایە، لوبنان گیرۆدەی قەیرانێکی زۆر قورسی ئابوری بووە.

دەستبەجێ پاش گەیشتنی بۆ لوبنان، سەرۆکی فەڕەنسا ئاگاهیدا بەوەی لوبنان نوقم دەبێت ئەگەر بێتوو وڵاتەکە ئەو چاکسازیانە نەکات کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک مەرجێک دایناون بۆ کۆمەک کردنی لوبنان تا لە داڕمانی ئابوری بپارێزرێت.

XS
SM
MD
LG