Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەیروت زیاد دەکات


کارمەندانی فریاکەوتنی لوبنان ڕۆژی چوارشەممە بەردەوامبوون لە گەڕان بە نێو داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکان بۆ دۆزینەوەی زیندوماوان پاش تەقینەوەگەورەکەی ڕۆژی سێشەممە کە بەلایەنی کەم 113 کەسی تێدا کوژراوەو زیاتر لە 4 هەزار کەسیش بریندار بوون.

کاربەدەستان دەڵێن چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی عەمبارێکی بەندەرەکەیان کە ماددەیەک نیتراتی ئەمۆنیۆمی تیادا هەڵگیرابووە زیاتریش بکات.

ئەو تەقینەوەیە ئەوەندە بەهێزبوو کە لەسەرانسەری شارەکەی هەژاند و تەنانەت باس لەوەش دەکرێت هەتا قوبرسیش هەستی پێکراوە.

سەرۆکی لوبنان مشێل عەون
سەرۆکی لوبنان مشێل عەون

سەرۆک مشێل عەون دەڵێت 2،750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم بۆ ماوەی شەش ساڵە لەو بەندەرەدا بەبێ ڕێوشوێنی سەلامەتی دانراوە.

ئەو گوتی حکومەتی " حکومەت سورە لەسەر لێکۆڵینەوەکردن و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بە زووترین کات و بەرپرسیارکردنی ئەوانەی کە کەمتەرخەمییان کردووە بە توندترین شێوە سزایان دەدات."

کاربەدەستێکی کە ئاگاداری لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانە ڕووداوەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوانەی کە " کاریان نەکردووەو شتیان پشتگوێ خستووە" و دەشڵێت هیچ شتێک نەکراوە لەلایەن کۆمیتەکان و دادوەرەکان تا بڕیاری لابردنی ئەو ماددە مەترسیدارە لەو شوێنە بدەن.

خەڵکی ئاسایی لوبنانیش سیاسەتمەدران تاوانبار دەکەن و دەڵێن دەیان ساڵە گەنەڵییەکانی دەوڵەت و حکومڕانی خراپ دەبینن.

سەرۆکی شارەوانی بەیروت جەمال ئیتانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بۆ بەیروت و لوبنان."

XS
SM
MD
LG