Accessibility links

ئاڵۆزی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب و دەستوەردانی سیاسی


کێشەی خاوەندارێتیکردنی هەزاران دۆنم زەوی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب جارێکی تر سەریهەڵداوەتەوە، عەرەبەکان هەوڵی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە دەدەن کە لە ساڵی 2003 جێیانهێشتووە، کوردەکانیش ئامادەنین ناوچەکەیان بۆ جێبهێڵن، بۆیە ناو بەناو شەڕ و ئاڵۆزی ڕوودەدات.

کێشەی خاوەندارێتیکردنی ئەو ناوچانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەعس، کاتێک حکومەتی عێراق لە ناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سەدان گوندی بەکوردەکان چۆڵ کرد و عەرەبی لەجێگەیان نیشتەجێ کرد، بەڵام لە ساڵی2003 کاتێک بەعس ڕووخا، کوردەکان جارێکی تر گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان، لەئێستادا ئەو ناوچانە کەوتووەتەوە دەست عێراق، عەرەبەکان دەیانەوێت جارێکی تر کوردەکان دەربکەنەوە.

هەرچەندە کێشەی خاوەندارێتیکردنی زەویە کێشە لەسەرەکان یاساییە، بەڵام دەستوەردانی لایەنە سیاسیە عێراقی و کوردیەکان، کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، لە کێشەی یاساییەوە گۆڕیویەتی بۆ کێشەی سیاسی، بۆیە مەترسی پێکدادانی عەشایەری لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەب لە ئارادایە.

سامی رەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی قەزای داقوق ی باشوری کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دەبێت هەرێم و بەغدا گرفتی خاوەندارێتیکردنی گوند و زەویە کێشەلەسەرەکان یەکلایی بکەنەوە، ئەگەرنا شەڕە بەرد و داری نێوان جوتیاران، هێندەی تر ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە."

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەڕە بەرد و دار لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەب لە ناوچەی هەفتەغاری قەزای داقوق ڕوویدا، کاتێک ژمارەیەک عەرەبی گوندنیشین بە پاڵپشتی سوپای عێراق، هەوڵی گەڕانەوە بۆ گوندە کوردنیشینەکان و دەرکردنی کوردەکانیاندا، بەڵام دواتر دۆخەکە بەشێوەیەکی کاتی هێورکرایەوە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و دادی عێراق، ڕایانگەیاند کێشەی خاوەندارێتیکردنی زەویە کشتوکاڵیەکانیان ڕەوانەی دادگا کردووە، تا دادگا کێشەکە بە پێی یاسا یەکلای بکاتەوە، بەڵام یەکلایی کردنەوەی کێشەکە بەیاساش ئاسان نیە.

سامی رەفعەت، ئاماژەی بەوەکرد کێشەچووە دادگا زۆری پێدەچێت، دەبێت هیچکام لە جوتیارە کورد و عەرەبەکان لە زەویەکان نزیک نەبنەوە، تا دادگا بڕیار دەدات، ئینجا گرفتێکی تریش ئەوەیە، جوتیاری کورد گرێبەستی کشتوکاڵی ساڵانی شەستەکانی هەیە، دواتر عەرەب هێنراوە و بەعس گرێبەستی بۆ ئەوانیش کردووە، وتی"جوتیار چاوەڕێی دادگا ناکات، لایەک زەویەکان دەکێڵێت، لاکەی تریش گرفت دروست دەکات."

گرفتی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب بە چڕی پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە، ئیدارەی کەرکوک بەوە تۆمەتباردەکرێت بووەتە بەشێک لەکێشەکان و پشتگیری جوتیارە عەرەبەکان دەکات، بەڵام قایمقامی قەزای خورماتوو، کە تورکمانێکی شیعە مەزهەبە، تائێستا نەچووەتە ژێر باری جێبەجێکردنی نوسراوەکاني پارێزگای سەڵاحەدین بۆ پشتگیری کردنی جوتیارانی عەرەب.

ئاکۆ سەباحی موختاری گوندی ئەلبوسەباح ی نزیک خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێمە جێبەجێکردنی مادەی 140 مان دەوێت، ئەو مادەیە کێشەی خاوەندارێتیکردنی گوند و زەویەکانی چارەسەر کردووە."

وتیشی" دەمانەوێت کێشەکە بەیاسا چارەسەر بکرێت، بەڵام عەرەبەکان دەزانن کورد ئێستا لاوازە، دەیانەوێت مەسەلەکە بکەنە عەشایەری."

گرفتی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب تەنها پێکدادان و ئاڵۆزی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکو لەکاتی وەرزی دروێنەشدا، ساڵانە سەدان دۆنم زەوی دەسوتێنرێت و جوتیارێکی زۆر توشی زیان دەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:14 0:00


XS
SM
MD
LG