Accessibility links

لوبنانییەکان دەیانەوێت بچنە ناو وەزارەتی وزەی وڵاتەکەیانەوە


دەیان خۆپیشاندەری لوبنانی هەوڵی چوونە ناو بالەخانەی وەزارەتی وزەی وڵاتەکەیان داوە، وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بڕانی درێژخایەنی وزەی ئەلیکتریک هاوکاتی ئەو قەیرانە گەورەییەی ئابوری لە وڵاتەکەدا.

هێزە ئاسایشییەکانی لوبنان بەرەنگاری خۆپیشاندەران بوونەوە و توانیویانە ئەو خۆپیشاندەرانە دووربخەنەوە کە نزیک بووبوونەوە لەوەی بگەنە ناو باڵەخانەی وەزارەتی وزەی لوبنانەوە، دواتر پێکدادانیش دروست بووە کاتێک خۆپیشاندەران دەیانویست بەربەستە ئاسنینەکانی بەردەم وەزارەتەکە لابدەن.

خۆپیشاندەران دەڵێن دەیانەوێت لەناو باڵەخانەی وەزارەتی وزەی لوبناندا درێژە بە ناڕەزایی دەربڕینەکانی خۆیان بدەن و دەشڵێن ئامانجیان ڕزگارکردنی ئەو وەزارەتەیە لە گەندەڵی و لەو بەڕێوبەرایەتییەی لوبنانی لە تاریکیدا نوقم کردوە.

قەیرانی ئابوری و دارایی لوبنان بە گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆ وڵاتەکە دادەنرێت لەوەتای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ساڵی 1990دا.

شەڕی ناوخۆی لوبنان 15 ساڵی خایاند و وڵاتەکەی وێرانکرد.

لە ئێستادا لوبنان قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و گرانییەکی زۆریش بازاڕی گرتۆتەوە و ڕێژەکانی بێکاری و هەژاریش هەروادێ و بەرز دەبنەوە، ئەمانە بێ لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر هەر یەکێک لەو دۆسێیانە.

سەرچاوەی کێشەکانی لوبنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی، کە بوونە هۆکاری شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایی دەربڕین لە مانگی 10ی ڕابردووەوە.

بەهۆی سەپاندنی ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ئەو شەپۆلی ناڕەزاییە، هێوربوونەوەیەکی بەخۆوە بینی، بەڵام لەم ماوەیەی ڕابردوودا دەستیان پێکردەوە.

XS
SM
MD
LG