Accessibility links

لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەست بەسەر پاسپۆرتی 25 خوێندکاری کورددا دەگیرێت


مانگێک و 10 ڕۆژە، لە فڕۆکەخانەی بەغدا، پاسپۆرت لە 25 خوێندکاری کوردی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراوە، بەڵام سەرباری ئاگادارکردنەوەی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم، تا ئێستا پاسپۆرتەکانیان بۆ نەگێڕدراوەتەوە.

ئەو خوێندکارانەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پاسپۆرتەکانیان لێ وەرگیراوە، هەموویان لە وڵاتی مالیزیا دەخوێنن و بڕیاربووە دوای 14 ڕۆژ، پاسپۆرتەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بۆیان نەگێڕدراوەتەوە.

هیوا ڕەشید، یەکێک لەو خوێندکارانەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پاسپۆرتەکەی لێوەرگیراوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە ڕۆژی 28 حوزەیران لە مالیزیاوە بۆ بەغدا گەڕاینەوە، لە فڕۆکەخانەی بەغدا، پاسپۆرتەکانمان لێوەرگیرا، هەر خوێندکارێک و بڕی سێسەد دۆلاریشمان لێسەندرا، بڕیاربوو 14 ڕۆژ لە ئوتێل لەسەر حسابی خۆمان کەرەنتین بکرێین."

بەڕێز ڕەشید دەڵێت "تا ئێستا پاسەپۆرتەکانمان بۆ نەگێڕدراوەتەوە، لە ئوتێلیش کەرەنتینە نەکراوین و 300 دۆلارەکەشمان نەدراوەتەوە، لەکاتێکدا هاوڕێ خوێندکارە عەرەبەکانمان، پاسپۆرتەکانیان پێدراوەتەوە، حکومەتی هەرێمیش ئاگادارە و تائێستا ئیشەکەی چارەسەر نەکردووین."

لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا لە عێراق و وڵاتانی جیهان، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری عێراقی لە وڵاتانی جیهان گیریان خواردبوو، دواتر ژمارەیەکی زۆر لەو خوێندکارانە بەفڕۆکەی تایبەت هێنرانەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو خوێندکاریش، هەر لەو وڵاتانە مانەوە کە لێی دەخوێنن.

ئەو خوێندکارانەی لە وڵاتان بۆ عێراق گەڕێنرانەوە، بڕیاربوو بۆ ماوەی 14 ڕۆژ کەرەنتین بکرێن، بەڵام زۆربەیان کەرەنتین نەکران، لەکاتێکدا پارەی ئوتێل لە بەشێکیان وەرگیراوە.

هیوا ڕەشید، دەڵێت" پاسەپۆرتەکانمان لەبەغدا دەستی بەسەردا گیراوە، لەکاتێکدا گەر فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مالیزیا بۆ درێژەدان بەخوێندن."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، پاسپۆرتی ئەو خوێندکارە کوردانە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسەپۆرت و مانەوەی بەغدایە، بۆ زانینی هەوڵەکانی نوسینگەی حکومەتی هەرێمیش لەبەغدا، لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی ئەو خوێندکارە کوردانە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغداوە کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

زانیاری زیاتر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:48 0:00


XS
SM
MD
LG