Accessibility links

وەزیری دەرەوەی لوبنان دەست لەکار دەکێشێتەوە


ناسیف حەتی، وەزیری دەرەوەی لوبنان
ناسیف حەتی، وەزیری دەرەوەی لوبنان

وەزیری دەرەوەی لوبنان نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆی خستۆتە بەردەست حکومەتی وڵاتەکەی و ئاگاهیشیداوە لەوەی نەبوونی ڕوانین و خواست بۆ گۆڕانکاری دەبنە هۆکاری وەرچەرخانی وڵاتەکەی بەرەو دەوڵەتێکی شکستخواردوو.

ناسیف حەتی، یەکەم وەزیری ئەم حکومەتەی لوبنانە، لە نێوەندی قەیرانی ئابوری و دارایی وڵاتەکەدا دەست لە کار بکێشێتەوە.

دەست لە کار کێشانەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی حەتی، وەک گورزێک لێکدەدرێتەوە بە ڕووی حکومەتەکەی حەسان دیاب، کە هەوڵێکی چڕ دەدات بۆ چاکسازی کردن لە نێوەندی هەروادێ و بەرزبوونەوەی ئاستی گرانی و هەروەهاش بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی بێکاری و هەژاری هاوکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە بۆتە هۆکارێک بۆ کەڵەکەبوونی زیاتری قەیرانەکان لە لوبناندا.

ناسیف حەتی، نامەی دەست لە کار کێشانەوەکەی داوەتە دەست سەرەک وەزیری لوبنان و لە کاتی بەجێهێشتنی ئۆفیسی دیاب، حەتی هیچ سەرنج و تێبینییەکی نەداوە، بەڵام دواتر ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەڵێت "حکومەت شکستی هێناوە لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی وڵاتدا و هەروەهاش لە جێبەجێکردنی ئەو چارەسەریانەی بۆ لوبنان پێویستن."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دیار نییە ئایا دەست لەکار کێشانەوەکەی وەزیری دەرەوەی لوبنان پەسەند دەکرێت یان نا و یانیش ئایا یەکێکێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی دیاب کاروبارەکانی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بەڕێوەدەبات یان نا.

XS
SM
MD
LG