Accessibility links

سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزی لەنێوان گوندنیشینە عەرەب و کوردەکانی باشوری کەرکوک


جارێکی تر ئاڵۆزی لەنێوان کورد و عەرەبەکانی باشوری کەرکوک، لەسەر خاوەندارێتیکردنی ژمارەیەک گوندی سنوری هەفتەغار و کولی تەپە ڕوویدا، بەڵام دواتر ئاڵۆزیەکە کۆتای پێهێنراو ئەو عەرەبانەی هێنرابوون تا لەگوندە کوردنیشینەکان نیشتەجێ بکرێن، گەڕێنرانەوە بۆ جێگەکانی خۆیان.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەمە، ژمارەیەک عەرەبی گوندنیشین بە پشتیوانی هێزێکی زۆری پۆلیسی فیدرالی عێراقی، هێنرابوون تا لە ژمارەیەک گوندی کوردنیشینی باشوری کەرکوک نیشتەجێ بکرێن، بەڵام کوردەکان بەدار و بەرد بەرگریان لە گوندەکانیان کرد و ڕێگەیان بە پۆلیسی عێراقی نەدا، عەرەبەکان ببەنە نێو گوندەکانیان.

ئیدریس عادل جێگری مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، کە خۆی خەڵکی گوندی هەفتەغاری باشوری کەرکوکە و لەنێو کێشەکەی ئەمڕۆدا بووە، بەدەنگی ئەمەریکای وت" بەیانی ئەمڕۆ کاتێک خۆر هەڵات، هێزە عێراقیەکان ژمارەیەکی زۆر عەرەبیان بە پاس هێنابوو، تا لە گوندە کوردنیشینەکان نیشتەجێیان بکەن."

وتیشی"ئاڵۆزی لەنێوان گوندە کوردنیشینەکان لەلایەک، عەرەبەکان و پۆلیسی فیدرالی لەلاکەی تر دروستبوو، دواجار عەرەبەکان ناچار بە گەڕانەوە کران."

کێشەی نێوان کورد و عەرەبەکانی ناوچە دابڕاوەکان، لەسەر خاوەندارێتیکردنی ئەو گوندانەی کێشمەکێشیانە لەسەری، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک ڕژێمی بەعس بەزۆر کوردەکانی ڕاگواست و عەرەبی لە سەر زەوی و زارەکانیان نیشتەجێ کرد.

لە ساڵی 2003 کاتێک بەعس ڕووخا، کوردەکان گەڕانەوە سەر زەوی و زارەکانیان، لەئێستادا کورد دەسەڵاتی لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەستداوە، عەرەبەکان بە پشتیوانی ژمارەیەک بەرپرس، دەیانەوێت جارێکی تر کوردەکان دەربکەن و بگەڕێنەوە سەر زەوی و زارەکان.

هەرچەندە کێشەی خاوەندارێتیکردنی ئەو ناوچانە چووەتە دادگا و کوردەکان بەڵگەی یاساییان بۆ خاوەندارێتی کردنیان هەیە، بەڵام عەرەبەکان دەیانەوێت لەژێر فشاردا، کوردەکان دەربکەن و جارێکی تر بۆ ناوچەکە بگەڕێنەوە.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کێشەکەی ئەمڕۆ دەستی ئیدارەی کەرکوکی تیابووە، هەرچەندە ئەوان نکۆڵیان لەدەستهەبوون لەمەسەلەکەدا کردووە."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەگەڵ دروستبوونی گرفت دا لەنێوان گوندنیشینە عەرەب و کوردیەکاندا، خێرا پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراوە و عەرەبەکان گەڕێنراونەتەوە، کێشەکە چارەسەر کراوە.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەبەوەدەکەن بەرپرسانی کورد بەگومانن لەوەی ئامانج لە دروستکردنی کێشەکەی ئەمڕۆ، هەوڵێک بێت بۆ ئاڵۆزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و عێراق کە بڕیارە دوای پشووی جەژن کۆببنەوە.

ئیدریس عادل، وتی"بەرپرسانی پۆلیسی ئیتیحادی پێیانوتین: لە سەرووی خۆمانەوە فەرمانمان پێکراوە، عەرەبەکان ببەین بۆ گوندە کوردنیشینەکان، بەڵام بۆمان دەرکەوت پلانەکە لەسەرەوە نەبووە، بەڵکو لەخوارەوە بووە."

لەکاتی ئاڵۆزیەکەی ئەمڕۆ یەکشەمەدا، بەرپرسانی کورد پەیوەندیان بە سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای کەرکوک کردووە، بەڵام لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانەوە، پێیانڕاگەیەنراوە کە ناوبراو مۆڵەتی وەرگرتووە و لە پشوودایە.هەرچەندە ئاڵۆزیەکەی ئەمڕۆی نێوان گوندنیشینە کورد و عەرەبەکانی باشوری کەرکوک چارەسەرکرا، بەڵام چاوەڕوانی سەرهەڵدانەوەی کێشەکە دەکرێتەوە، بەو پێیەی کێشەکە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:36 0:00


XS
SM
MD
LG