Accessibility links

داعش هێرش و پەلاماری دەستپێکردۆتەوە


فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر

داعش لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە، جم و جۆڵی دەستپێکردووە، دوێنێ چوار شەمە، گرتەی ڤیدیۆیی پێشمەرگەیەکیان بڵاوکردەوە لەکاتێکدا کە سەری دەبڕن، شەوی ڕابردووش، لەنزیک ناحیەی جەلەولا، پەلاماری سوپای عێراقیان داوە و تا درەنگانێکی شەو، شەڕ بەردەوام بوو.

عەقید شەماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی کوڵەجۆ، کە هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندی شیرکی ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق نزیکبووە لە سنورەکەیەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"چەکدارانی داعش سەرەتا بە چەکی قەناس، دووربین ی حەراری هێزەکانی عێراقیان شکاندووە، تا لەکاتی هێرش دا نەبینرێن."

بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ، ڕوونیکردەوە، دواتر چەکدارانی داعش هێرشیان بۆ سەر هێزە عێراقیەکان لەگوندی شیرک دەستپێکردووە، سەرەتا سەربازێکی عێراقیان کوشتووە، دواتر هەمەرێکی سوپایان تەقاندۆتەوە و چەند سەربازێکی تریشیان بریندار کردووە، وتی"تا درەنگانێکی شەو، شەڕ بەردەوام بوو."

فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر
فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر

بەچەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر گوندی شیرک، چەکدارانی داعش لە ڕێگەی پێگە ئەلیکترۆنیەکانی خۆیانەوە، گرتەی ڤیدیۆیی سەربڕینی پێشمەرگەیەکیان بڵاوکردەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو کەسەی داعش گرتەی سەربڕینی بڵاوکردووەتەوە، ناوی ئەسعەد عەلی یە، خەڵکی گوندی قەڵای نزیک قەزای خورماتووە، پێشتر لە ناحیەی جەلەولا پێشمەرگە بووە و دواتر وازی لەپێشمەرگایەتی هێناوە، لەمانگی تەموزی ساڵی ڕابردوو، لەنزیک گوندەکەی خۆیان دیاری نەماوە و لەوکاتەوە چارەنوسی نادیارە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەسعەد عەلی دوو مانگ لەمەوبەر لە ناوچەی تاوێرە کەوەی نزیک خورماتوو لەلایەن داعشەوە سەربڕدراوە، بەڵام تازە گرتەی سەربڕینەکەیان بڵاوکردووەتەوە."

شەوی ڕابردوو، لەکاتی هێرشەکەی داعش دا بۆ سەر گوندی شیرکی نزیک جەلەولا، سوپای عێراق ناوچەکەیان هاوەنباران کردووە، بەو هۆیەوە هاوڵاتیەکی سڤیل برینداربووە.

عەقید شەماڵ وتی"کاتێک داعش پەلاماری گوندی شیرک ی دا، سوپای عێراق بەشیوەیەکی هەڕەمەکی ناوچەکەیان هاوەنبارانکردووە."

وتیشی"هاوەنێک کەوتووەتە نێو ماڵێک لە گوندی ئیسڵاح و کچێک برینداربووە."

دەستپێکردنەوەی جم و جۆڵ و پەلاماردان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، لەکاتێکدایە بڕیاربوو پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنیان لەدژ ئەنجام بدەن، بەڵام هەماهەنگیەکەیان تێکچوو، ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام نەدرا.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:17 0:00


XS
SM
MD
LG