Accessibility links

بڕیارە حکومەتی عێراق هێزی موغاویر ڕەوانەی گوندە کاکەیی نیشینەکانی خانەقین بکات


گوندێکی کاکەییەکان
گوندێکی کاکەییەکان

بڕیارە حکومەتی عێراق، هێزی موغاویر ڕەوانەی گوندە کاکەیی نیشینەکانی سنوری قەزای خانەقین بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە کاکەییەکانی ئەو سنورە لە ئەدای هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕازی نین و بەشەوان، خۆیان پاسەوانێتی گوندەکانیان دەگرن.

ناردنی هێزەکانی موغاویر بۆ سنوری گوندە کاکەییەکان، لەکاتێکدایە پێشتر وەفدێکی کاکەییەکان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ سەرۆک کۆماردا کۆبووەتەوە، داوای ناردنی لیواکانی سەرۆکایەتی کۆماریان بۆ پاراستنی سنورەکانیان کردووە.

سەید زیاد کاکەیی، یەکێک لە کەسایەتیەکانی کاکەیی لەسنوری خانەقین، بەدەنگی ئەمەریکای وت "شەوان هیچ هێزێک لەسنورەکانمان بوونی نییە، بۆیە گەنجانی کاکەیی خۆیان، شەو تا بەیانی واجب دەگرن."

وتیشی"بەڵێنی زۆرمان پێدراوە و تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە، بۆیە متمانەمان نەماوە."

سنوری خانەقین 10 گوندی کاکەیی نیشینی تێدایە، کە دوو لەو گوندانە بەهۆی هێرشی چەکدارەکانەوە بەتەواوەتی چۆڵیانکردووە، بەڵام 8 گوندیان هێشتا ئاوەدانن، سەرباری هێرش و پەلامارەکانی سەریان، ئامادەی چۆڵکردنی گوندەکانیان نین.

گوندە کاکەیی نیشینەکان لەڕووی دابەشکاری ئەمنیەوە، دەکەونە سنوری هێزەکانی لیوای 23 ی حەشدی شەعبی، بەڵام گلەیی ئەوە لەو هێزە دەکەن، لەکاتی هێرش و پەلامارەکانی سەریان، ناچن بە هانایانەوە و لەبارەگاکانیان ناجوڵێن.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرماندەیەکی لیوای موغاویر بەناوی ( عەقید ئیسماعیل) لەگەڵ کاکەییەکان دا، گفتووگۆی کردووە، داوای هەماهەنگی لێکردوون، بەوەی ناوچە کاکەیی نیشینەکان بە هێزەکەی دەسپێردرێت.

عەقید ئیسماعیل بە کاکەییەکانی، وتووە"گرفتە ئەمنیەکان چارەسەر دەکەین، کون و کەلەبەرەکان کە پێشتر تیرۆر لێوەی دزەیکردووە پڕ دەکەینەوە."

بەڵام رەجەب کاکەیی چالاکوانی کاکەیی، ئاماژەی بەوەکرد دەوروبەری ناوچە کاکەیی نیشینەکان پێویستی بە پاراستن هەیە، وتی"ناکرێت ڕەبیە و هێز ببرێتە ناو گوندەکان و خەڵک بترسێنرێت."

پێشتر حکومەتی هەرێم هێزێکی لە کاکەییەکان پێکهێنا و ئەرکی پاراستنی گوندەکاکەیی نیشینەکانی باشوری کەرکوکی پێ سپاردن، بەڵام لەدوای کشانەوەی پێشمەرگە لەناوچە کێشەلەسەرەکان، کاکەییەکان گرفتیان لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە کە ئەرکی پاراستنی ناوچەکانیانی گرتووەتە ئەستۆ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:06 0:00


XS
SM
MD
LG