Accessibility links

ئێران مانۆڕی سەربازی لە تەنگەی هورموزدا دەکات


پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕێی هەلیکۆپتەرێکەوە موشەکێکیان گرتۆتە ئەو تەنەی لەسەر شێوەی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا دروست کراوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران دەڵیت تەقاندنی ئەو موشەکە بەشێک بووە لە مانۆڕێکی سەربازی لە تەنگەی هورموزدا.

ئەم مانۆڕە لەشکرییەی ئێران لە نێوەندی هەروادێ و زیادبوونی ئاڵۆزی و پشێویەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە.

هێزە چەکدارەکانی ئێران لەم مانۆڕەدا چەکی دژی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشیان بەکارهێناوە.

یەکەی پێنجی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر ئەم مانۆڕە سەربازییەی ڕۆژی سێشەممەی ئێران دەڵێت، مەشق و ڕاهێنانە لەشکرییەکەی ئێران سەرکێشی و نابەرپرسانەیە و دەڵێت "ئەو مانۆڕە سەربازییە نەبۆتە تەگەرە لەبەردەم هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا لەو ناوچە ستراتیژیەدا.

ڕیبیکا ریباریتش، وتەبێژی یەکەی پێنجی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت "ئێمە ئاگاداری مەشقی ئێرانیەکانین بۆ هێرش کردنە سەر ئەو تەنەی هاوشێوەی کەشتی فڕۆکە هەڵگر دروستکراوە و هەمیشەش ئەم جۆرە ڕەفتارە سەرکێشییانە و نابەرپرسانەی ئێران دەبینین."

ڕۆژی دووشەممەش، ڕیبیکا ڕیبارتش، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا، جەختی کردبووەوە لەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا دڵنیایە لە تواناییەکانی خۆی بۆ بەرگری لەخۆکردن دژی هەر هەڕەشە و مەترسییەکی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆشێتد پرێس، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا وتبووی"ناتوانین قسە لەسەر هیواکانی ئێران بکەین سەبارەت بە دروستکردنی ئەو تەنە هاوشێوە کەشتییە بەو قەبارەیە، یان بەهای تاکتیکی ئەو تەنە چەندە کە ئێران دەخوازێت لە مانۆڕ و مەشق و ڕاهێناندا بەکاریبهێنێت. بەڵام ئێمە ئامادەی بەرگریکردنین لە هێزەکانمان و لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش."

XS
SM
MD
LG