گەورە کاربەدەستێکی تورکیا ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی پرۆسەی گەڕان بە شوێن نەوت و گازدا هەڵدەپەسێرێت، لەو سنورە ئاویانەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا مشتومڕیان لەسەرە.
ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا بە تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن تورک دەڵێت "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا داوای لە یاریدەرەکانی کردووە تا ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕابگیرێت."
لە هەفتەی ڕابردوودا تورکیا پلانەکانی خۆی ئاشکرا کرد بۆ ناردنی ژمارەیەک کەشتی، وەک دەڵێت بە مەبەستی گەڕان بەشوێن و نەوت و گازدا لەو سنورە ئاویانەی دەریای ناوەڕاست کە دەکەونە باشوری دوڕگەکانی ڕۆدس و کارباسوس و کاستیلوریزی وڵاتی یۆنانەوە.
ئاشکراکردنی ئەو پلانە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئانکەرە و ئەسینای زیاتر کرد و بووە مایەی ڕەخنە و ناڕەزایی ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپاش.
یۆنان و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆن، جیاوازی ڕوانینیان هەیە لەسەر مافی گەڕان بە شوێن نەوت و گازدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
تورکیا، یۆنان بەوە گوناهبار دەکات کە دەیەوێت ئانکەرە دوور بخاتەوە لەوەی سود لەو گەڕانانە وەربگرێت لە دەریای ئیجە و لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا یۆنان دەڵێت ئەوەی تورکیا دەیکات، پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانە.
ئیبراهیم کاڵن دەڵێت "پێویستە هەموو لایەک کاری هاوبەش بکەن لەو سنورە ئاویانەی مشتومڕیان لەسەرە و پێویستە چارەسەرکردنی کێشە دوو لایەنەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە ڕێی دیالۆگەوە بێت نەک هەڕەشەکردن لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا."
پێشتر یۆنان ڕایگەیاندووە، پێویستە تورکیا کەشتییەکانی خۆی بکشێنێتەوە و یۆنان هێشتاش ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ تورکیادا لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکاندا.