Accessibility links

شەپۆلی ناڕەزایی لە عێراق


خۆپیشاندەرێکی تری عێراق گیانی لەدەستداوە پاش ئەوەی بۆمبێکی فرمێسک ڕێژ بەر سەری دەکەوێت هاوکاتی پێکدادانەکانی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا.

لە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا ئەمە سێهەمین خۆپیشاندەرە لە بەغدا بکوژرێت.
ڕۆژی دووشەممەش 2 خۆپیشاندەری تر لە بەغدا بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.

مردنی ئەو دوو خۆپیشاندەرە بووە مایەی بەرزبوونەوەی ئاستی توڕەیی و ناڕەزایی زیاتری خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر، کە بۆتە بنکەیەکی بێ پێشینەی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتۆتەوە.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق ڕۆژی دووشەممە پەیمانی دابوو بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی لە پشت توندوتیژییەکانی عێراقەوەن و هەروەهاش خۆپیشاندانیشی بە مافێکی ڕەوای هاوڵاتیان ناودێر کردووە.

بەڵام دوای ئەو ڕاگەیاندنەی کازمی، هێزەکانی پۆلیس جارێکی تریش بۆمبی فرمێسک ڕژێنیان بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.

سەرچاوە تەندروستییەکان بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، 13 خۆپیشاندەری تریش بریندارن.

عێراق بە خراپترین قەیرانی داراییدا تێپەڕدەبێت لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا هاوکاتی دابەزینێکی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

وێڕای ناڕەزایی خۆپیشاندەران لەسەر ڕەوشی ئابوری وڵاتەکەیان، هەروەها ناڕەزاییشیان هەیە لەسەر چۆنییەتی سەروسەوداکردنی نێوەندە تەندروستییەکان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە عێراق 112 هەزار کەس توشی کۆڤید 19 بوون و زیاتر لە 4500 کەسیش بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG