Accessibility links

نەتەنیاهۆ: حزبوڵا یاری بە ئاگر دەکات


سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت حزبوڵای لوبنان یاری بە ئاگر دەکات.

ئەم لێدوانەی بەنجامین نەتەنیاهۆ، دوابەدوای پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ناوچە سنورییەکانی ئیسرائیل بووە لەگەڵ لوبناندا، هەرچەندە حزبوڵا نکوڵی دەکات لەوەی هیچ ئاڵۆزییەک ڕوویدابێت.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەک وەزیری ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە تەواوی بەرپرسیارێتی هەر هێرشێک لە لوبنانەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل، دەکەوێتە سەر حزبوڵا و هەروەها حکومەتی لوبنانیش.

بەنجامین نەتەنیاهۆ ئاگاهی دەدات، وەک دەڵێت "حزبوڵا یاری بە ئاگر دەکات و وەڵامی ئیسرائیل زۆر توند دەبێت."

هێزە ئاسایشییەکانی ئیسرائیل و میلیشیا چەکدارەکانی حزبوڵا، ئەمڕۆ دووشەممە شەڕە تەقە لە نێوانیاندا دروست بووە لە تەواوی ناوچە سنورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا.

تەلئەڤیڤ داوای لە خەڵکی سیڤیلی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل کردووە کە نزیک بوون لە شەڕەکانەوە تا لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە، هاوکاتی ئەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژی دووشەممە بە قورسترین شەڕ لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵدا ناودێر دەکرێت.

شەڕەکان زیاتر لە ناوچەی کێڵگەکانی شەبعا ڕوویانداوە، ئەو ناوچەیە لە ساڵی 1967دا ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە.

دانیشتوانی باشوری لوبنان دەڵێن، ئیسرائیل بۆ زیاتر لە یەک کاتژمێر بۆردومانی سنوری نێوان هەردوو وڵاتی کردووە.

کۆلۆنێڵ جۆناسان کونریکوس، وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل دەڵێت "لەشکر سەرکەوتوانە توانی شکست بە هەوڵێکی دزەکردنی ژمارەیەک چەکدار بێنێت بۆ ناو ئیسرائیل."

هێزە ئاشتی پارێزەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەردوولادا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان.

لە لێدوانێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئیسرائیلدا، بەنیامین نەتەنیاهۆ جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت "حکومەت بە چڕی چاودێری رەوشی ئاسایشی باکوری وڵات دەکات و لەشکریش ئامادەیە بۆ هەموو سیناریۆیەک و لە هەموو مەیدانەکانەوە لەنزیک یان دوور لە سنورەوە بەرگری لە ئیسرائیل دەکەین."

XS
SM
MD
LG