Accessibility links

کۆرۆنا حەجی ئەمساڵ سنوردار دەکات


هەروادێ و موسڵمانان بۆ بەجێگەیاندنی حەج لەمساڵدا دەگەنە شاری پیرۆزی مەککە لە کاتێکدا پێشوازیکردن لەو موسڵمانانەی دەیانەوێت لەمساڵدا حەج بکەن بە شێوەیەکی بەرچاو سنوردار کراوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

وەک بارێکی باو، شانشینی عەرەبستانی سعودیە ساڵانە پێشوازی لە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار موسڵمان دەکات لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی حەج کە بە یەکێک لە گەورەترین بۆنە ئاینییەکان دادەنرێت.

وەزارەتی حەج لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەڵێت "لە نێوان یەک تا دەهەزار کەس ڕێگەیان پێدەدرێت بەشداری لە حەجی ئەمساڵدا بکەن و هەر هەمووشیان دانیشتوی ناو سعودیەن و دوو لەسەر سێی ژمارەی بەشداربووانی حەجی ئەمساڵیش ئەو بیانییانەن کە لەناو سعودیەدان و ئەوی تریش هاوڵاتیانی عەرەبستانی سعودیەن."

شانشینی عەرەبستانی سعودیە، یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئاستێکی زۆر تیایدا بڵاوبۆتەوە و سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا 266 هەزار کەس توشی کۆڤید 19 بووە و 2733 کەسیش بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

کاربەدەستانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕێوشوێنی نوێیان گرتۆتەبەر بۆ حەجی ئەمساڵ، لەوانە پشکنین ی تەندروستی بۆ هەر هەموو ئەوانەی مۆڵەتی حەجکردنیان پێدراوە، گواستنەوەی حاجییەکان بۆ شاری مەککە و هەروەهاش سنوردارکردنی هاتوچۆیان.

حکومەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە تەواوی خەرجییەکانی ئەمساڵی حەج لە ئەستۆ دەگرێت، وەک دابینکردنی ژەمەکانی خواردن و مانەوەی حاجییەکان لە ئوتێلەکاندا و دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

XS
SM
MD
LG