Accessibility links

ئێران تەنێکی هاوشێوەی کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکایی دەباتە تەنگەی هورموز


هاوکاتی هەروادێ و زیادبوونی پشێوییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، تاران تەنێکی هاوشێوەی کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکایی دەباتە تەنگەی هورموز.

تەنگەی هورموز بە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی ناودێر دەکرێت بۆ بازرگانی جیهانی و لە سەدا بیستی نەوتی هەناردەکراو لە جیهاندا بە تەنگەی هورموزدا دەڕوات.

بەپێی ئەو وێنانەی مانگە دەستکردەکان بڵاویان کردۆتەوە، وەک دەگوترێت ئاماژەن بەوەی دەشێت ئێران پلانی هەبێت تا لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو تەنە هاوشێوە کەشتییە لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەکاربهێنێت.

بەپێی وێنەکان و زانیارییەکانی کۆمپانیای ماکسار تێکنۆلۆجیس، ئەو تەنە ئێرانییە لە شاری بەندەر عەباسەوە براوە بۆ تەنگەی هورموز.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، میدیاکان و کاربەدەستانی ئێرانیش باسیان لە گواستنەوەی ئەو تەنە هاوشێوە کەشتییە نەکردووە.

ڕیبیکا ڕیبارتش، وتەبێژی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا، بنکە لە بەحرەین دەڵێت "هێزی دەریایی ئەمریکا دڵنیایە لە تواناییەکانی خۆی بۆ بەرگری لەخۆکردن دژی هەر هەڕەشە و مەترسییەکی ڕووبەڕووی دەبێتەوە."

لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆشێتد پرێس، وتەبێژی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا دەڵێت " ناتوانین قسە لەسەر هیواکانی ئێران بکەین سەبارەت بە دروستکردنی ئەو تەنە هاوشێوە کەشتییە بەو قەبارەیە، یان بەهای تاکتیکی ئەو تەنە چەندە کە ئێران دەخوازێت لە مانۆڕ و مەشق و ڕاهێناندا بەکاریبهێنێت. بەڵام ئێمە ئامادەی بەرگریکردنین لە هێزەکانمان و لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش."

ئەو تەنەی ئێران دروستیکردووە، هاوشێوەی کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس نیمیتز"ە کە ئەمریکا لە نێوان تەنگەی هورموز و کەنداوی فارسدا بەکاریدەهێنێت.

ئەم کەشتییە ئەمریکاییە لە هەفتەی ڕابردوودا لە ئۆقیانوسی هیندییەوە گەیشتە سنوری ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەشێت وەک دەگوترێت لە بری کەشتی "یو ئێس ئێس دوایت ئایزنهاوەر" لە دەریای عەرەبدا بمێنێتەوە.

ئەو تەنەی ئێران دروستیکردووە، بەپێی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان، نزیکە 200 مەتر درێژە و پانییەکەیشی 50 مەتر دەبێت، لە کاتێکدا درێژی کەشتی نیمیتز، زیاتر لە 300 مەتر و پانییەکەیشی 75 مەترە.

لە ساڵی 2015دا ئێران کەشتییەکی تری ئاوەهای دروستکرد و لە مانۆڕێکی لەشکریدا بەکاریهێنا.

لەو مانۆڕەدا تاران بە کەشتی بچوکی تیژڕەو هێرشی کردە سەر کەشتییە گەورەکە و نوقمی بن دەریای کرد.

XS
SM
MD
LG